وتەبێژی یەكێتی: پارتی ڕێگرە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا

19-05-2024 02:07

پەرەگراف

وتەبێژی یەكێتی جەخت دەكاتەوە كە بەرپرسیارێتیی دواخستنی هەڵبژاردن لە ئەستۆی پارتیدایە و ڕایدەگەیەنێت "پارتی ڕێگرە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا". پیرە توانجیش لە پارتی دادەات بەهۆی تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای فیدراڵی و دەڵێت "ئێمە دادگای فیدراڵیمان پێناسە نەكردووە بە دادگای فڵان جێ‌ و دواییش بچین دەستی لێ‌ پان بكەینەوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پرسی هەڵبژاردن و دۆخی حكومڕانی لە هەرێم و كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كرد.

پیرە لەبارەی هەڵبژاردنەوە وتی "تا ئێستا پارتی ڕێگرە لە ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا و زەحمەتە لە 10ـی حوزەیراندا بكرێت، ئەگەر نەشكرا دنیا وێران نابێت، دەكرێت لە مانگەكانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، بەڵام دەبێت كەسێك بەرپرسارێتیی دواخستنی لەئەستۆ بگرێت".

وتەبێژی یەكێتی ڕەتی دەكاتەوە كە كێشەی یەكێتی لەگەڵ پارتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان بێت و دەڵێت "ئێمە داوای هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتامان نەكردووە، ئێمە داوای ئەوەمان كردووە كە وەزارەتی پێشمەرگە وەكوو وەزارەتێكی هەستیار وازی لێ‌ بهێنن، هەموو ڕۆژێك بەڕێوەبەرێكی یەكێتی لامەبەن و بەڕێوەبەرێكی پارتی دابنێن".

سەعدی پیرە جەخت دەكاتەوە كە كێشەكانیان لەسەر "دەستكاریكردنی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و گۆڕینی بەرپرسەكانیان و هێز گۆڕین"ـە و دەڵێت "ئەمە بەشێكە لە هەڕەشە، ئەو هەڕەشەیەش خراپە و ئەنجامی خراپی دەبێت، ئەوە كێشەكانمانە".

وتەبێژی یەكێتی جەختی لە هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە دادگای فیدراڵی كردەوە و ڕەخنەی لە پارتی گرت و ڕایگەیاند "دادگای فیدراڵی خۆمان دروستمان كردووە و نوێنەری خۆیشمانی تێدایە، قەت پێناسەمان نەكردووە بە دادگای فڵان جێ‌  و دوایی بچین دەستی لێ‌ پان بكەینەوە".

پیرە سەبارەت بە قەوارەی هەرێم وتی "تا ئێستا دەوڵەت نییە، دەڵەمەیە"، بۆیە بۆ بەهێزبوونی پێگەی هەرێمیش پێی وایە "پێویستە دامەزراوەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری وەكوو بیلبیلەی چاو بپارێزین".

هەروەها ڕەخنەی لە ئیدارەدانی هەرێم گرت و وتی "ئەم ئیدارەیەی ئێمەش 32 ساڵە، لەوە دەرچووە بڵێین تازەیە و فەریكە و ڕەگوڕیشەی بەهێز نەبووە، منداڵ لەدایك دەبێت و بە 18 ساڵی دەچێتە عەسكەری و باڵغ بووە".