شەڕو ئاڵۆزی لە پەرلەمانی عێراق ڕوویداو دانیشتنەکە هەڵگیرا

18-05-2024 08:10
پەرلەمانتار هەیبەت حەلبووسی کە لەشەڕەکەی ئەمشەوی پەرلەماندا برینداربوو.

 پەرەگراف

شەڕو ئاڵۆزی لە پەرلەمانی عێراق لە نێوان لایەنە سوننەکان ڕوویدا لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەوهۆیەوە دانیشتنەکە هەڵگیرا.

هەریەکە لە پەرلەمانتاران هەیبەت حەلبووسی و موسەنا سامەڕائی لەیەکیانداو بەوهۆیەوە پەرلەمانتار هەیبەت حەلبووسی بریندار بوو.

 

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی ئەنجامدا، لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا 311 پەرلەمانتار بەشدارییان کرد و هیچ یەک لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنن.

هەریەک لە سالم عیساوی، تەڵال زوبەیعی، عامر عەبدولجەبار و مەحموود مەشهەدانی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان خۆیان کاندید کرد، بەرلەوەی دەنگدان بکرێت، تەڵال زوبەیعی کشایەوە و داوای کرد دەنگ بە مەحموود مەشهەدانی بدرێت.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، سالم عیساوی 158 دەنگ و مەحموود مەشهەدانی 137 دەنگی بەدەستهێنا و عامر عەبدولجەبار تەنیا سێ دەنگی بەدەستهێنا.

بەپێی یاسا، هەر کاندیدێک بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا دەبێت دوولەسەر سێ واتە 166 دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام هیچکام لە کاندیدەکان نەیتوانی ئەو دەنگە بهێنن و هەڵبژاردنەکە کەوتە خولی دووەم.

پەرلەمانتارانی پارتی تەقەدوومی محەمەد حەلبووسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە پشکی خۆیان دەزانن و مەحموود مەشهەدانی کاندیدیانە، بەڵام سالم عیساوی کە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە پشتیوانی دەکرێت گەڕی یەکەمی دەنگدانی بردەوەو ئەوەش گرژیی لێکەوتەوە.

پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی پێکهاتەی سوننەیە، زیاتر لە شەش مانگە بەتاڵە دوای ئەوەی دادگای باڵاى فیدراڵیی عێراق لە 15-11-2023 بە بڕیارێک متمانەی ئەندامێتی پەرلەمانی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان وەرگرتەوە.