وەزیری نەوتی عێراق: ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەست نەكات، سەختە حكومەتی عێراق لە ناردنی بەشەبودجە بەردەوام بێت
پەرەگراف
وەزیری نەوتی عێراق جەخت دەكاتەوە كە بەردەوامبوونی ڕادەستنەكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، دەبێتە هۆی ڕاگرتنی بەشەبودجەی هەرێم. دەشڵێت "تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە عێراق هەشت هەزار دینارە، بەڵام لە هەرێم بەرهەمهێنان 20 دۆلار و گواستنەوەیشی 6 دۆلارە"، كە ئەوەش لەمپەری سەرەكیی بەردەم ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدایە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعێراقییە، ڕایگەیاند "ڕادەستنەكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، كێشەیەكی گەورەیە كە ڕووبەڕووی حكومەتی عێراق بووەتەوە، بە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، سەختە حکومەتی عێراق بەردەوام بێت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان".
وەزیری نەوتی عێراق پەندێكی عەرەبیی بە نموونە بۆ كێشەی نەوت هێنایەوە و ڕوو لە حكومەتی هەرێم وتی "بەشی خۆمان پێ بدەن، با بەشی خۆتان پێ بدەین".
حەیان عەبدولغەنی ڕوونی كردەوە كە حكومەتی هەرێم كۆمەڵێك پابەندیی لە ئەستۆدایە بۆ ڕادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، كە بەپێی یاسای بودجە دەگۆڕێت، "بۆ نموونە بۆ پارساڵ 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە، بۆ ئەمساڵ بووە بە 375 هەزار بەرمیل".
هەروەها وتی "لەو بڕە 46 هەزار بەرمیلیان بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكانە و ئەوی دیكەی دەبێت ڕاستەوخۆ ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت".
"تا ئێستا هەرێمی كوردستان هیچ بڕەنەوتێكی ڕادەستی سۆمۆ نەكردووە، لەبەر ئەوەی ئەوان پابەندی كۆمەڵێك گرێبەستن لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان و ئەو كۆمپانیایانەش داوای بەشەنەوتی خۆیان دەكەن"، وەزیری نەوتی عێراق وای وت.
سەبارەت بە كێشە و لەمپەرەی بەردەم ڕێككەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی نەوت، وەزیی نەوتی عێراق ئاماژەی بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت كرد و وتی "تێچووی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت لە عێراق هەشت هەزار دینارە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تێچووەكەی 20 دۆلارە و شەش دۆلاریش تێچووی گواستنەوەكەیەتی".
حەیان عەبدولغەنی جارێكی دیكە باسی لەوە كرد كە داوایان لە حكومەتی هەرێم كردووە كە زانیارییان لەسەر گرێبەستە نەوتییەكان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان پێ بدات، بۆ ئەوەی بەپێی پێوەرەكانی وەزارەتی نەوت هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن، بەڵام حكومەتی هەرێم "تا ئێستا" هیچ زانیارییەكیان لەوبارەیەوە پێ نەداون.
بۆچی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ ناکاتەوە؟
وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە دواى بڕیارەکەى دادگاى ناوبژیوانیى پاریسەوە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەردوولا کۆکن لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کردوویەتی، بەڵام لە وردەکارییەکاندا ناکۆکن و نەگەیشتوونەتە چارەسەر.
پێشتر سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێم بە پەرەگرافی وت "بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی نەوت و حکومەتی عێراق لەسەر هێڵین، لەبارەی شێوازی هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی پێویستە بکرێن هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەبارەیانەوە".
بە وتەی سەرچاوە باڵاکە، سەرەکیترین گرفت پارەی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمە، "عێراق پێشنیاری کردووە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێم ٦ دۆلار دیاری بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەو بڕەی بەلاوە زۆر کەمە و کۆمپانیاکانیش بەهەمانشێوەی ئامادەنین بەو پارەیە بەرهەمهێنان دەستپێبکەنەوە".
"حکومەتی هەرێم بە زۆر زیاتر لەو پارەیە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت ئەوەش لە کێڵگەیەک بۆ کێڵگەیەکی دیکە جیاوازەو بەوەی بەغداد دەیەوێت قازانجی کۆمپانیاکان زۆر کەمدەبێتەوەو ڕەنگە هەندێکیان لە زەرەریشدابن، بۆیەک نە هەرێم و نە کۆمپانیاکان ئەوەیان قبووڵ نییە" سەرچاوەکەی پەرەگراف وای وت.
حکومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرێبەستە نەوتییەکان یاسایین و مافی هەرێمی کوردستانە و دەست لەو مافانە هەڵناگرن، بەڵام ئامادەن بۆ هەموارکردنەوەشیان بە مەرجێک بە شێوەیەک بێت کۆمپانیا نەوتییەکان ڕازی بکات.
یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە کە یەک ملیار دۆلارەو لای حکومەتی هەرێمە، "بەغداد ئامادە نییە ئەو قەرزە بۆ هەرێم بداتەوە"، کۆمپانیاکانیش دەڵێن، بەبێ دڵنیایی و گرەنتی پێدانەوەی ئەو قەرزە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم دەستپێناکەنەوە.
حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێیوایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی جۆری خزمەتگوزاریی كە وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.
بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان هەیانە بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنیی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.