دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە بەرژەوەندیی تانەكەی یەكێتی و دژی سكاڵاكەی مەسروور بارزانی بڕیاری دا

16-05-2024 11:00

پەرەگراف

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان تانەكەی یەكێتیی لە دژی بڕیای ڕاگرتنی ڕێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرد و ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە سالارى (وەلائی)یەکەى دادگاى فیدراڵى کە لەسەر بنەماى سکاڵاکەى مەسروور بارزانى دەرکراوە، "نادروستە و پێچەوانەی یاسایە"، هەر بۆیە ڕێكارەكانی كۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان كە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییی عێراقە، ئەمڕۆ لەسەر سكاڵاكەی ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی كۆبووەتەوە، کە لە سکاڵاکەدا داوا کراوە بڕیارى ڕاگرتنى ڕێکارەکانى کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردن، هەڵبوەشێنرێتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە بەوەی كە نابێت ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە بڕیارەكانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن، پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بێت، بەوپێیەی وەها بڕیارێك تەنیا لە دەسەڵاتی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانە و لە تایبەتمەندی دادگای فیدراڵی نییە.

"ئەنجوومەنی كۆمیسیاران دەسەڵاتی یەكلاكەرەوەی هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانەی لە هەنگاوەكانی ئامادەكاری و جێبەجێكردنی هەڵبژاردنەكان دروست دەبن"، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان وا دەڵێت.

دەستەكە جەخت دەكاتەوە كە "زیانلێكەوتووان لە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، دەتوانن تەنیا لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانە لە بڕیارەكان بدەن، كە تاكە مەرجەعە بۆ وردبینیكردنی ڕاست و درووستیی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران و بڕیارەكانیشی یەكلاكەرەوەن".

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن جەخت دەكاتەوە كە "هەر قسەیەكی پێچەوانەی ئەمە، دەبێتە هۆكاری تێكەڵاوبوونی دەسەڵات و بڕیارەكان كە پەیوەستن بەیەك پرۆسەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە بڕیاری تانەلێدراوی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران كە بووە هۆی ڕاگرتنی ڕێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، "ناڕاستە و پێچەوانەی یاسایە".

دەستەكە بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی "بڕیاری ڕاگرتنی ڕێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن" و ڕایگەیاندووە كە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران ئاگادار دەكاتەوە لە ڕێكارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوام بێت.

"ئەگەر كۆمیسیۆن بە هۆكاری هونەریی نەتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات، پێویستە داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بكات بە مەرسومێكی هەرێمی وادەیەكی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بكات"، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان وا دەڵێت.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ڕۆژى ٦-٥-٢٠٢٤، سكاڵایەكی لەسەر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار كرد، تێیدا تانەی لە بڕیارەكانی كۆمیسیۆن سەبارەت بە شێوازی دابەشكردنی كوردسییەكانی پەرلەمان و نەمانى كورسیی پێكهاتەكان داوە.

دادگای فیدراڵیی عێراق سكاڵاكەی مەسروور بارزانیی قبووڵ كردووە و ڕۆژی ٧-٥-٢٠٢٤ بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی سكاڵاكەی مەسروور بارزانی دەركرد، كە بە فەرمانێكی سالاری بڕیاری دا بە ڕاگرتنی كارەكانی كۆمسیۆن تا سكاڵاكە یەكلایی دەبێتەوە، دواتریش ڕۆژی 19ـی ئەم مانگەی بۆ یەكەم دانیشتنی سكاڵاكە دیاری كرد.

دادگای فیدراڵی لە فەرمانە سالارییەکەیدا جێبەجێکردنی ‏سیستمی تۆماركردنی كاندیدەكان و پەسەندکردنیانی ڕاگرتووە، کە بەپێی ئەو سیستمە ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دابەشکراوە بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردنداو مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیدا دەڵێت، دابەشکارییەکەی کۆمسیۆن پێچەوانەی دەستوورەو لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگدران کورسییەکان دابەشکراون نەک لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان.

بەشێکی دیکە لە سکاڵاکەی مەسرور بارزانی تایبەتە بە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، هەرچەندە دادگا فیدراڵی پێشتر ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیدا بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٩ی دەستوور داوای له‌به‌رچاوگرتنی نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌كات له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بگەڕێنێتەوە.

پاش ڕاگرتنی ڕێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنەوە، یەكێتیش لە 8-5-2024 لە ڕێگەی لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانیەوە لە دەستەی یاسایی هەڵبژاردنەكان تانەی لە بڕیارەكە دا.

ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی، دەڵێت "بەپێی دەستوور و یاسا، لە کاتێکدا کە كەمتر لە شەش مانگ مابوو بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، هیچ جۆرە تانەیەك سەبارەت بە نادەستووریبوونی یاسای هەڵبژاردنەكان و دەقەكانی نێو یاساكە وەرناگیرێت، سكاڵاكەی مەسروور بارزانیش لە كاتێكدا بووە كە چەند ڕۆژێكی ماوە بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن".