ئەپیکور: تامەزرۆین بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

16-05-2024 10:28

پەرەگراف

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاوکردەوەو جارێکی دیکە ئامادەیی و پەرۆشی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەردەبڕێت.

ئەپیکور کە لە هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی کەرتی نەوتی هەرێم پێکدێت، پێشوازیی لە سەردانەکەی جێفری پایت دەکات کە بڕیارە دوای بەغداد سەردانی هەولێریش بکات، ئەپیکور دەڵێت: سەردانەکە ئاماژەیەکی دیکەی بەهێزە سەبارەت بە هەوڵەکانی هەردوو حکومەت لە بەغدا و هەولێر بۆ گەیشتنە ئامانجەکەیان کە بریتییە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا.

کۆمەڵەی ئەپیکور دووپاتی دەکاتەوە کە ئامادەن هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکەنەوە، "ئەوەش بەندە بە گەیشتن بە رێککەوتن کە گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکانی رابردوو و داهاتوو و پاراستنی مافی کۆمپانیاکان دابین بکات لەڕووی بازرگانی و ئابوورییەوە. دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت سوودی بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق و ئێمەش دەبێت".

مایڵز کاگینز، وتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، "سەردانەکەی پایت بۆ بەغدا و هەولێر جەخت لە گرنگی کاری هاوبەشی دەستبەجێ دەکات لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکوریش پەرۆشی چارەسەرکردنی ئەو چەقبەستووییە دەکەن".

سەرەکیترین گرفت پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانە، حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە ‏دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها ‏كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە ‏پشكەكانیانەوە بكەن.

بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی ‏كوردستان هەیانە، بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ‏ئاستەنگە سیاسی و ئەمنی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە ‏نێودەوڵەتییەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە ‏گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.‏

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و کەرکوک لە 25-3-2023 ڕاگیرا بەهۆی بڕیاری دادگای ‏ناوبژیوانیی ‏نێودەوڵەتیی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا.

بۆ چارەسەری كێشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەپیكور چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە هەولێر و بەغدا و دوبەی ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

كۆمەڵەی ئەپیکور پێشتر چوار مەرجی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت خستەڕوو كە بریتین لە: 1- هەر زیادكردنێك، پێویستە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەپیكور ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت. 2- پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە ڕابردوو و بۆ داهاتووش.

خاڵەكانی سێ‌ و چواری مەرجەكان پەیوەستن بە گرێبەستەكان و پشكی كۆمپانیاكان لە نەوتی هەرێم، كە بەم شێوەیەن؛ 3- پێویستە پارەی فرۆشی نەوتی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور، ڕاستەوخۆ بدرێتە ئەو كۆمپانیانە. 4- پێویستە شێواز و ڕێككەوتنە بازرگانی و ئابوورییەكانی ئێستای كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور وەكوو خۆی بمێنێتەوە.