هاکان فیدان: لەناوجەرگەی سلێمانی و دەوروبەری ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین و بەردەوام دەبین

15-05-2024 09:54

 پەرەگراف

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەیامی تووند و هۆشداریی هەڕەشە ئامێز ئاڕاستەی یەکێتی و سلێمانی دەکات لە پرسی پەکەکەداو دەڵێت: لەناوجەرگەی سلێمانی و دەوروبەری ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین و بەردەوام دەبین.

فیدان جارێکی دیکە داوا دەکات یەکێتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە کۆتایی پێبهێنێت و ڕێگە نەدات پەکەکە سوود لە ناوچەی جوگرافی و دامەزراوەکانی سلێمانی وەربگرێت.

لە پەیامێکی ڕاستەوخۆشدا ڕوو بە یەکێتی، هاکان فیدان دەڵێت "نامانەوێت دەست لە ئێوە(مەبەستی یەکێتییە) بکەینەوە. بەڵام هەرکاتێک ئێوەمان بینی لەگەڵ پەکەکەدا دەستتان تێکەڵ کردووە، ئێمە ناچارین دەستتان لێ بکەینەوە. چونکە خۆشتان دەزانن ئەو ڕێکخراوە بۆ بەئامانجگرتنی ئێمە دامەزراوە. ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە وجودی نادەین. چاوی خۆشمان غافڵ ناکەین لەوانەی کە یارمەتی ئەو ڕێکخراوە دەدەن وەکو ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت. ئێستا هەست دەکەم تێگەیشتوون، لە هەمان کاتدا ئێمە ڕێکاری خۆمان دژیان دەگرینەبەر بەڵام ان شاءالله تێدەگەن، بەپێچەوانەوە ئێمە دەوڵەتێکی گەورەین، دامەزراوەی خۆمان هەیە، سیناریۆی خۆمان هەیە و چی پێویست بکات ئەنجامی دەدەین".

ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی ئەمشەویدا بوو لەگەڵ کەناڵی ئێن تیڤی تورکی کە پەرەگراف قسەکانی لە تورکییەوە وەرگێڕاوە.

، فیدان لە باسی پەیوەندیی پەکەکە بە سلێمانی و یەکێتییەوە دەڵێت "ئێمە بەڕوون ڕاشکاوی قسە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەکەین. کۆبوونەوەی نهێنیمان هەیە لەگەڵیاندا. سلێمانی شارێکی مێژووییە. ئێمە پەیوەندی جوگرافی و کلتوریمان هەیە لەگەڵ سلێمانی، موسڵ، کەرکووک، هەولێر، زاخۆ لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە. ئێمە بەشێکین لەو شوێنانە و ئەوانیش بەشێکن لە ئێمە. لە سەردەی ئیرامپراتۆرییەتی عوسمانیدا، چەندین دەوڵەتمەدار و زانا لە سلێمانی پێگەیشتووە. بەڕاستی جێگەیەکی پیرۆزە. گۆڕینی ئەم شوێنە بۆ ئەوەی ڤایرۆسێکی وەکو پەکەکە کاریگەری و هەژموونی خۆی بڵاو پێ بکات شتێکی مێژوویی بە ئازارە".

"عێراق بۆ خۆی دابەش بووە بەسەر چەند باڵێکدا لە بابەتی پەکەکەدا. لەلایەکەوە بەغداد، لەلایەکی ترەوە هەولێر هەیە و لەلایەکی ترەوە سلێمانی. هەولێر بە تەواوی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکەدا پشتگیریمان دەکات. بەغدادیش هەنگاو دەنێت بۆ پشتگیریمان. سلێمانی دوورە لێمانەوە، ئەوان لە پەکەکەوە نزیکترن. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە پەیوەندی و دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوەداین لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە" هاکان فیدان وادەڵێت.

فیدان دەشڵێت "ئێمە لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سلێمانی، ڕوون و ڕاشکاوین. ئێمە فێڵ لە کەس ناکەین و چاڵ بۆ کەس هەڵناکەنین. پێیان دەڵێن ئەو کەسانە(پەکەکە) خراپن، ئێوە پێویستتان بەوە نییە کار لەگەڵ پەکەکەدا بکەن. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئێوەدا باش بین، نامانەوێت خراپ مامەڵەتان لەگەڵ بکەین. واز لە پشتگیریکردنی پەکەکە بهێنن. ئێمە خۆمان شەڕی پەکەکە دەکەین، ئەوە کێشە نییە. بەڵام ئێوە(یەکێتی) خۆتان بەدوور بگرن لە پەکەکە. مەهڵێن بێنە نێو شارەکەتانەوە. مەهێڵن فڕۆکەخانەکانتان بەکاربهێنن. مەهڵێن لە نەخۆشخانەکانی ناو شارەکەتان کەڵک وەربگرن، لە هەمان کاتدا ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوامین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی دەکاتەوەو دەڵێت "لەناوجەرگەی سلێمانی ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین. لە دەوروبەرەکەیشی ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین بەبێ ئەوەی زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی بگەیەنین، ئەمە ئیشی خۆمانە".

ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی سی پی تی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، شەش هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و دوانی دیکە بریندار بوون.

بەهۆی بۆردومان و شەڕی توركیاوە، تەنها ساڵی ڕابردوو لانیكەم 10 هاووڵاتیی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەست داوە و 12ی دیكەش بریندار بوون، لە ساڵی 2015ـیشەوە نزیكەی 150 هاووڵاتی كوژراون و زیاتر لە 230ـی دیكەش بریندار بوون، لە بەرامبەردا هەردوو حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی كوردستان تەنیا ئیدانەی هێرشەكان دەكەن و هیچ هەنگاوێكی كردارییان بۆ ڕێگرتن لەو ڕووداوانە نییە.

‏ تورکیا لە سەرەتای مانگی ٤ی ساڵی ڕابردووەوە ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ نیشتنەوە یان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، سەرەتا بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ بوو، بەڵام دواتر دووجار و هەرجارەی شەش مانگ گەمارۆکەی درێژکردەوەو لە ٢٢-٦ی ئەمساڵ گەمارۆکە کۆتایی دێت ئەگەر جارێکی دیکە درێژنەکرێتەوە.

تورکیا هۆکاری ئەو سزادانەی سلێمانی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پەکەکەو چالاکییەکانی پەکەکە لەو پارێزگایە دەگەڕێنێتەوە، یەکێتی و بەرپرسانی سلێمانی بەردەوام ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.