بە بەشداریی شاندی هەرێم پێداچوونەوە بە خشتەكانی یاسای بودجەدا دەكرێت

15-05-2024 02:34
كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەكانی یاسای بودجە

پەرەگراف

كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەكانی یاسای بودجە لە بەغداد بەڕێوەچوو. وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم دەڵێت "تێگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەری كێشەكانی بودجە هەبوو".

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، هەر لە كۆبوونەوەكەدا "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میكانیزمێك بۆ ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتیی عێراق".

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 15-5-2024، بە ئامادەبونی شاندی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەڕێوە چوو، بە سەرپەرشتی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، بە بەشداریی وەزیری نەوت، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، وەزیری كارەبا، تیمی ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق.

وەزارەتی دارایی دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و پرسی نەوت و ڕێكارەكانی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕكردنی تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێمی كورستان لەناو خشتەكانی یاسای گشتیی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ گفتوگۆی لەبارەوە كرا".

"كۆبوونەوەكە لە كەشێكی دۆستانە و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو، لە هەردوولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و ئیجابی هەبوو بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی لە یاسای بودجەی ساڵی ڕابردوو دروست بوو بوو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەكانی یاسای بودجە بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە كە ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە یاساكە پارێزراو بێت"، وەزارەتی دارایی هەرێم وا دەڵێت.