ئەو شۆفێرە دەستگیر كرا كە تۆمەتبارە بە 'دەستشكاندنەوە' بەسەر پاسی خوێندكارەكانی گەرمیان
پەرەگراف
ئەو شۆفێرە دەستگیر كرا كە تۆمەتبارە بە "دەستشكاندنەوە" بەسەر پاسی خوێندكارەكانی گەرمیاندا و "بەوهۆیەوە پاسەكە وەرگەڕاوە". هێڵكاریی هاتووچۆ پشتڕاستی تۆمەتەكەی كردووەتەوە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە لە دادگا بەردەوام دەبێت، ئەمە بەپێی لێدوانی وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بۆ پەرەگراف.
نیوەڕۆی دوێنێ 14-5-2024، مینی پاسێكی خوێندكارانی ئامادەیی باكووری كەلار پاش گەڕانەوە لە گەشتێكی زانستی لە كفری، وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار كچە خوێندكار گیانیان لەدەست دا، پێنج خوێندكار و مامۆستایەك و شۆفێری پاسەكەش بریندار بوون.
هەر لە سەرەتای ڕووداوەكەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی دیكە تۆمەتبار كرا بەوەی كە دەستی شكاندووەتەوە سەر پاسەكە و بووەتە هۆی لە ڕێڕەو لادانی و وەرگەڕانی. دواتر هاتووچۆی گەرمیان هێڵكاریی بۆ ڕووداوەكە كردووە و پشتڕاستی كردووەتەوە كە "ئۆتۆمبێلێكی تایبەت لە جۆری سێنترا دەستی بەسەر پاسەكەدا شكاندووەتەوە".
ئەمڕۆ 15-5-2024، موقەدەم سامان عەلی، وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، بە پەرەگرافی وت "لەلایەن بنكەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دەست گیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلە سێنتراكەدا، شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەش بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە".
وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەشڵێت "شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەكە نە خوێندكاری قوتابخانەكە بووە، نە مامۆستا، بەڵكوو خوێندكاری پەیمانگایە و هاوڕێیەتیی لەگەڵ چەند خوێندكارێكی ناو ئەو پاسە و پاسەكانی دیكەش هەبووە و بەهۆی ئەوانەوە ڕۆیشتووە".
جگە لەو پاسەی كە وەرگەڕا، چەند پاسێكی دیكەی خوێندكارانیش لەگەڵیاندا بوون، كە سەرجەمیان خوێندكاری پۆلی 10 و 11ـی زانستین.
دوان لەو قوتابییانەی گیانیان لەدەست داوە، خوشكن و دوانە بوون بە ناوەكانی (دانیا ئەحمەد لەتیف، كەوسەر ئەحمەد لەتیف)، دوانەكەی دیكەش ناویان (شەم سامان و ئارەزوو سەردار) بوو.