پەرەگراف
هەموو ڕێگاكانی هاتوچۆ لەنێوان هەولێر و سلێمانی و كەركووك بە ڕووی ئۆتۆمبێلدا داخراون. شۆفێرانی بارهەڵگریش بەوهۆیەوە ڕێگای سلێمانی-تاسڵوجەیان داخستووە و داوا دەكەن ڕێگاكان چاك بكرێن و باج وەرگرتن لە بازگەكان هەڵ بگیرێت.
چەند ساڵێكە ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی كە لە نێوان سلێمانی - هەولێر - كەركووك هاتوچۆی بازرگانی دەكەن، كێشەی خراپیی ڕێگەی هاتووچۆ و لێسەندنی باجیان هەیە، بەڵام بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.
زوو زوو دانیشتووانی ئەو ناوچانەی كە دەكەونە سەر ڕێگا سەرەكییەكان، ڕێگاكان دادەخەن، ئەوەش بەهۆی چاك نەكردنی ڕێگاكان لەلایەن حكومەتەوە و زیاتر خراپبوونی ڕێگاكان كە بووەتە ئاستەنگ بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە.
لە كۆی پێنج ڕێگای سەرەكی، لە ماوەی ڕابردوودا چوار ڕێگایان داخراون، دوایین ڕێگاش كە ڕێگای هیران و نازەنینە، دوێنێ لەلایەن دانیشتووانی سنووری سكتانەوە داخرا.
لە بەرانبەر نەمانی هیچ ڕێگایەك بۆ هاتوچۆ، شۆفێری بارهەڵگرەكان ئەمڕۆ ڕێگای سلێمانی - تاسڵوجەیان داخست، بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار بێتە سەر خەت و چارەسەری كێشەكانیان بكات.
یەكێك لە بارهەڵگرەكان وتی "بەڕاستی ژیانمان نەماوە، ڕێگاكان جگە لەوەی كە خراپن، ئێستا هەموویشیان داخراون، ئەمە جگە لەوەی كە جاری وا هەیە 10 كاتژمێر لە بازگەكانی پارتی و یەكێتیدا ڕامان دەگرن".
شۆفێرێكی دیكە باسی ئەو باجانە دەكات كە لێیان وەردەگرن و دەڵێت "لە بازگەی كەركووك 20 هەزار دینارمان بۆ قەپان لێ وەردەگیرێت و لە 12ـی شەو بۆ 8ـی بەیانیش بازگەكە بە ڕووماندا دادەخرێت، بە هەمان شێوە لە بازگەی شێراوە بە ناوی سۆنەرەوە 25 هەزار دینارمان لێ وەردەگرێت و لە 12ـی شەو بۆ 8ـی بەیانیش بازگەكە بە ڕووماندا دادەخرێت".