پەرەگراف
ڕاوێژكارێكی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕوون دەكاتەوە و دەشڵێت "لەسەر دوو بنەما زەوی بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینان دابەش دەكرێت".
موفیدە یونس، ڕاوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بۆ میدیای حكومەت دەڵێت "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو فەرمانبەرانەی كە پێشتر سوودمەند نەبوون و ئەو خانەنشینانەی كە لە ژیانی وەزیفیدا سوودمەند نەبوون، وەرگرتنی زەوی دەیانگرێتەوە".
ڕێنمایی وەرگرتنی زەوی ئامادە كراوە و لەلایەن وەزیرەوە واژوو كراوە، نێردراوە بۆ ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بۆ بڵاوكردنەوە.
موفیدە یونس دەڵێت "بەپێی ڕێنماییەكان، دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لەسەر دوو بنەما دەبێت، بنەماكانی (شوێنی لەدایكبوون و شوێنی كاركردن)".
بەپێی بوونی زەویی پێویست لە سنووری هەر شارەوانییەك، فەرمانبەر سەرپشك دەكرێت لە نێوان وەرگرتنی زەوی لە شوێنی لەدایكبوونی، یان لە شوێنی كاركردنی.
ئەو ڕاوێژكارە یاساییەی وەزارەتی شارەوانی دەڵێت "دابەشكردنی زەوی بە تیروپشك و بەپێی خاڵبەندی دەبێت كە ساڵانی خزمەت و ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی لەدایكبوون ڕەچاو دەكرێت".
دابەشكردنی زەوی ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە كە زیاتر لە هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە، دوای ئەوەش بەپێی خاڵبەندی دەخرێنە كێبڕكێوە.