كۆمیسیۆن كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران ‏چارەسەر دەكات

13-05-2024 07:35

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق چەند بڕیارێكی بۆ ‏چارەسەری كێشەی ئەو دەنگدەرانە دەركرد كە كێشەی ‏نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە. دەشڵێت "پرۆسەی ‏تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەست ‏پێ‌ دەكاتەوە".‏

كۆمیسیۆن ڕێكار بۆ چارەسەری كێشەی نەخوێندنەوەی ‏پەنجەمۆر دەگرێتە بەر و ڕایگەیاند "دووبارە پەنجەمۆر لە ‏دەنگدەران وەردەگیرێتەوە".‏

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی ‏بەوە كردووە كە "وەرگرتنەوەی پەنجەمۆر سەرجەم ‏پارێزگاكانی عێراق لەناویاندا هەرێمی كوردستانیش ‏دەگرێتەوە".‏

هەروەها داوا دەكات كە لایەنە پەیوەندیدارەكانی كۆمیسیۆن ‏دەنگدەران ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی دووبارە سەردانی ‏بنكەكان بۆ وەرگرتنەوەی پەنجەمۆر بكەن.‏
كۆمیسیۆن ڕایشیگەیاندووە "پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە ‏پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكاتەوە".‏

بڕیارەكان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی ‏كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دەركراون و داوا لە ‏لایەنە پەیوەندیدارەكانی كۆمیسیۆن كراوە كە جێبەجێیان ‏بكەن.‏

كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر لە ئامێرەكانی ‏كۆمیسیۆندا، یەكێكە لە كێشە و داواكارییەكانی پارتی و ‏پێشتر داوای كردبوو كە كێشەی ئەو دەنگدەرانە چارەسەر ‏بكرێت كە ئامێری خوێندنەوەی پەنجەمۆر، پەنجەمۆرەكانیان ‏ناخوێنێتەوە و دەبێتە هۆی فەوتانی دەنگەكانیان.‏