پەرەگراف
ئەنجومەنى سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بەردەم لقی بانکی تی بی ئای لە سلێمانی هەڵوێستیان لە دژی پڕۆژەی هەژماری من ڕاگەیاندو داوادەکەن تی بی ئای نەچێتەناو هەژماری من.
مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسیان لەوە کرد حکومەتی هەرێم دەیەوێت "تەوتینی زۆرەملێ" بە مووچەخۆران پڕبكاتەوە، "گاڵتەجاڕیی هەژماری من رەت دەكەینەوەو متمانەمان پێی نیەو پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیە".
مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی ئەوەش دەخەنەڕوو، بە پاساوی پێشێلكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سكاڵا لە سەر حكومەتی هەرێم تۆمار دەكەن و ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانیان لە هەرێمەوە دەبەنە بەغداد.
لە ناوەڕاستی مانگی ئایارداین و هێشتا مووچەی مانگی نیسان دابەش نەکراوەو حکومەتی هەرێم چاوەڕێی ناردنی پارەیە لە بەغداوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە تا دەست بە (تەوتین)ـی مووچە نەكرێت، بەغداد مووچەی مانگی چوار نانێرێت، دەشڵێت، هەرێم و بەغداد لەسەر ئەوبەشەی هەژماری من ڕێککەوتوون کە تائێستا کراوەو دەبێت بەشەکەی دیکە بانکی تی بی ئای تەواوی بکات و ئەو بانکەش لە چوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا تەوتینی مووچە دەكات، نەك وەك بەشێك لە پرۆژەی هەژماری من.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بە جۆرێك لەسەر بابەتی (هەژماری من) و (تەوتین) ڕێككەوتوون كە سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕازی بووە جارێ ئەو ٣٠٠ هەزار مووچەخۆرەی كە كارتی بانكییان لە هەژماری من بۆ دروست كراوە، قبووڵی بكات، ئەوی دیكەی كە ماوە دەبێت لە بانكی بازرگانیی عێراقی TBI هەژماریان بۆ بكرێتەوەو ئەو بانکەش ئامادەیە لە ماوەی دوو مانگدا هەژمار بۆ ٧٠٠ هەزار مووچەخۆری هەرێم بکاتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە "سەرۆكوەزیری عێراق دووپاتی كردووەتەوە نایەوێت مووچەی فەرمانبەران ببێتە كێشە، هەر بۆیە ڕازی بووە بەو بەشەی هەژماری من كە تا ئێستا كراوە"، وتیشی "دواتر پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو بەشەی فەرمانبەراندا دەكرێت و ئەو كات بڕیار دەدرێت كە وەكوو خۆی دەمێنێتەوە، یان دەبێت ئەویش بگۆڕدرێت و بخرێتە سەر بانكی تی بی ئای".
جەمال كۆچەر ئەوەش دەخاتەڕوو، بانكی TBI هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران دەكاتەوە لە چوارچێوەی تەوتیندا، نەك بەشێك بێت لە هەژماری من و، دەڵێت "TBI وەكوو بانكێك كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نێردراوە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكات، واتە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە كە دەڵێت تەوتین لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكانی دەرەوەی هەرێم بكرێت، نەك وەكوو بانكێك كە حكومەتی هەرێم بانگی كردبێت بۆ ئەوەی كاری لەگەڵ بكات، شتی وا نییە".
لەبارەی مووچەی مانگی چوار، جەمال کۆچەری وتی، نازانێت كەی دێت و هۆكاری نەناردنیشی بۆ "دەستپێنەكردن"ـی تەوتین گەڕاندەوە و، وتیشی "بابەتەكە ئەوە نییە كە تا تەوتین تەواو نەكرێت مووچە نانێرن، بەڵكو تا دەست پێ نەكەن، واتە كەی تەوتین دەستی پێ كرد، مووچە دەنێرن".
وەك ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ڕوونی كردەوە، تەنیا تەوتین كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەكات و دەڵێت "تا ئەو كاتەی بابەتی تەوتین تەواو نەبێت، من وەك جەمال كۆچەر ئاسوودە نابم و دڵنیانابم لە مووچەی فەرمانبەران".
بانكی تی بی ئای ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە بەشداریی خۆی لە پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند وەك پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام تی بی ئای بە هیچ جۆرێك باسی پرۆژەی (هەژماری من)ـی نەكردو وتی، چاوەڕێیە حكومەتی هەرێم لیستی ناو و بەڵگەنامەی ئەو فەرمانبەرانەیان بۆ بنێرێت كە مووچەكەیان لە بانكی تی بی ئای بەبانكی دەكرێت، بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆسەكە بكرێت.
بەڵام هەمان ڕۆژ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە بانکی تی بی ئای بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من دەكات، هاوتا لەگەڵ شەش بانكی دیكەی پێشەنگی عێراق.
پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی لە جێبەجێکردندایەو بەپێی ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە 300 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم پێشتر بە پەرەگرافی وت، بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری پڕۆژەی هەژماری من نابن.