پەرەگراف
سەرچاوەیەک لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە پەرەگرافی وت: "درۆنێک هاتووەتە ئاسمانی کێڵگەی کۆرمۆرو بە دۆشکە تەقەی لێدەکرێت".
سەرچاوەکە وتیشی "هیچ تەقینەوەو هێرشێک ڕووی نەداوە. بەڵام زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت و بە بڵندگۆ داوا لە کارمەندانی کێڵگەکە دەکرێت بچنە شوێنی سەلامەت".
"هێزێکی کۆماندۆو هێزی پشتیوانیی دوو لە دوای هێرشە درۆنییەکەی 26-4-2024 لە کێڵگەکە جێگیر کراون و چەکی قورسیان پێیە" سەرچاوەکە وای وت.
کۆرمۆر کە گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمی کوردستانەو لە ناوچەی حکومڕانی یەکێتیدایە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دوێنێ لە واشنتۆن لەگەڵ ئامۆس ھۆچستاین، رێکخەری تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیھانی و ئاسایشی وزە، باسی لەوە کردووە ھەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی بەھێزی گازە و دەبێت مامەڵەیەکی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بکرێت.
"پێویستە بە ستراتیژێکی نوێ و نیشتمانییەوە گەشە بەو کەرتە بدرێت و ببێتە مایەی بەھێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، داھاتەکەی لەخزمەت خەڵک و ئاوەدانیی ھەرێمەکەماندا بێت. ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە ئێمە ھەوڵی بەدیھێنانی دەدەین و دەمانەوێت بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ھەنگاوبنێین" سەرۆکی یەکێتی وای گوتووە.
كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی کە کار لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات، 250 ملیۆن دۆلار قەرزی لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا وەرگرتووە بۆ فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەکە بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز.
کێڵگەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون، دواینیان ڕۆژی 26-4-2024 بوو کە بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەکەو بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست دا کە یەمەنی بوون.
کۆرمۆر گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.
عێراق چاوی لە گازی کۆرمۆرە تا پشتی پێ ببەستێت و پێویستی بە گازی ئێران نەمێنێت بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، هاوکات تورکیا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی هەیە بە تایبەت لە پرسی نەوت و گازدا، چاوی لە گازی ئەو کێڵگەیەو ئەو دۆسیەیە بەشێک بوو لە کۆبوونەوەی سەرەتای ساڵی ڕابردووی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە.
سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەو کۆبوونەوەیە ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان، جهختيان لە سوود وهرگرتن لهو دهرفهتانەکردەوە کە لە بوارى وزهدا هاتوونهته ئاراوەو دهكرێت ڕۆڵى كاراى ههبێت له پڕكردنهوهى ئهو بۆشايى و پێويستييهى له جيهان و بهتايبهتى له ئهوروپا له بوارى وزه و گازى سروشتيدا دروست بوون.
هەر بە ئامانجی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر و هەناردەکردنی بۆ تورکیا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی گازەکەی بۆ تورکیا دەستپێکرد، ئەوەش یەکێتی نیگەران کردو بە ئاشکرا دژی وەستایەوە.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، دوو ساڵ لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، تیشکی خستەسەر ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرتی وزەو هەماهەنگیی و نزیکبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ بەغداد بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە شوبانی ٢٠٢٢دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو بڕیاریدا نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغداد بکرێت.
بافڵ تاڵەبانی بە ڕوونیی پەردەی لەسەر ناکۆکییەکانیان لەگەڵ پارتی لادا لەبارەی پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گازی سروشتی کێڵگەی کۆرمۆر کە درا بوو بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە وەستایەوەو وتی: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.