پەرەگراف
ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆکان بۆ دامەزراندن ڕەوانەی بەغداد دەکرێت و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەنگاوەکانى بۆ ئەو کارە دەست پێ کردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستە کردووین، بۆ ئەوەی داتا و زانیاریی تەواو لەبارەی سێ یەکەمی زانکۆکان ئامادە بکەین و دواتر ڕەوانەی بەغدادی بکەین بەمەبەستی دامەزراندنیان".
وەزارەتەکە دەڵێت "لەسەر سەرجەم زانکۆکان پێویستە لە ماوەی پێنچ ڕۆژی کارکردندا تەواوی زانیارییەکان وەک لە خشتەی دیاریکراودا هاتووە و تایبەتە بە سێ یەکەمەکانی سەر بەشە زانستییەکان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنی (2017 - 2018) تاوەکو (2022 - 2023)، بە لیستی جیا بەرز بکەنەوە بۆ وەزارەت".
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کردووە "لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لیستی ناوی (1982) وانەبێژمان لە زانکۆکانی هەرێم ڕەوانەی بەغداد کردووە بۆ دامەزراندن".
هەروەها پێشتریش لیستی ناوی (980) لە هەڵگرانی ماستەر و دکتۆرایان ڕەوانەی بەغداد کردووە بە مەبەستی دامەزراندن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەغداد ڕەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی (226) کەس لەو لیستانە نیشان داوە کە لە هەرێمەوە ڕەوانە کراون، کە ئەوانیش لە دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوون.