'دەستپێنەكردنی تەوتین لەمپەری بەردەم مووچەیە؛ تی بی ئای بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ‌ دەكات'

12-05-2024 02:12

پەرەگراف

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە تا دەست بە بەبانكیكردن (تەوتین)ـی مووچە نەكرێت، بەغداد مووچەی مانگی چوار نانێرێت، مەگەر ئەوەی "ڕێككەوتنێكی سیاسی" بكرێت. دەشڵێت "بانكی TBI لە چوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا تەوتینی مووچە دەكات، نەك وەكوو بەشێك لە پرۆژەی هەژماری من". هەروەها ڕازیبوونی بەغداد بەو بەشەی بەبانكیكردن كە لە چوارچێوەی (هەژماری من)ـدا كراوە، كاتییە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بە جۆرێك لەسەر بابەتی (هەژماری من) و (تەوتین) ڕێككەوتوون كە "سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕازی بووە جارێ‌ ئەو بەشەی كە كارتی بانكییان لە هەژماری من بۆ دروست كراوە، قبووڵی بكات، ئەوی دیكەی كە ماوە دەبێت لە بانكی بازرگانیی عێراق TBI هەژماریان بۆ بكرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە "سەرۆكوەزیری عێراق دووپاتی كردووەتەوە نایەوێت مووچەی فەرمانبەران ببێتە كێشە، هەر بۆیە ڕازی بووە بەو بەشەی هەژماری من كە تا ئێستا كراوە"، وتیشی "دواتر پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو بەشەی فەرمانبەراندا دەكرێت و ئەو كات بڕیار دەدرێت كە وەكوو خۆی دەمێنێتەوە، یان دەبێت ئەویش بگۆڕدرێت (بخرێتە سەر بانكی TBI)".

بەتێگەیشتنی جەمال كۆچەر، بانكی TBI هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران دەكاتەوە لە چوارچێوەی تەوتیندا، نەك بەشێك بێت لە هەژماری من.

"بانكی TBI وەكوو بانكێك كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نێردراوە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بكات، واتە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە كە دەڵێت تەوتین لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكانی دەرەوەی هەرێم بكرێت، نەك وەكوو بانكێك كە حكومەتی هەرێم بانگی كردبێت بۆ ئەوەی كاری لەگەڵ بكات، شتی وا نییە"، جەمال كۆچەر بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەبارەی مووچەی مانگی چوارەوە وتی "نازانم كەی دێت" و هۆكاری نەناردنیشی بۆ "دەستپێنەكردن"ـی تەوتین گەڕاندەوە و وتی "بابەتەكە ئەوە نییە كە تا تەوتین تەواو نەكرێت، مووچە نانێرن، بەڵكوو دەڵێت: تا دەست پێ‌ نەكەن، واتە كەی تەوتین دەستی پێ‌ كرد، مووچە دەنێرن".

"بانكی تی بی ئای لە ماوەی دوو مانگدا هەژماری بانكی بۆ ئەو مووچەخۆرانە دەكاتەوە كە ماون و ژمارەیان زیاتر لە 700 هەزار مووچەخۆرە"، جەمال كۆچەر دەڵێت ئەوە قسەی سەرۆكوەزیرانی عێراقە.

وەكوو ئەو  پەرلەمانتارە ڕوونی كردەوە، "تەنیا تەوتین" كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەكات و دەڵێت "تا ئەو كاتەی بابەتی تەوتین تەواو نەبێت، من وەك جەمال كۆچەر ئاسوودە نابم و دڵینا نابم لە مووچەی فەرمانبەران".