سەرۆککۆمار: ڕێژەی بەفیڕۆدانی ئاو لە عێراق گەیشتووەتە لەسەدا ٦٠

12-05-2024 09:45

پەرەگراف

سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی بە فیڕۆدانی ئاو گەیشتووەتە لەسەدا ٦٠ و هەوڵدەدەن لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداوەوە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەم بکەنەوە.

ئەو وتانەی د. لەتیف رەشید لە وتارێکدا بوو کە ئەمڕۆ لە هەولێر لە کۆنفرانسی وشکەساڵی و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر سیاسەت، ئابووری و دیمۆگرافیای عێراق پێشکەشی کرد.

سەرۆککۆماری باسی لەوە کرد، خەریکە گۆڕاکاریی گەورەی ژینگەیی لە عێراق ڕوو دەدات و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژیانی ئابووری، کەرتی کشتوکاڵی و سامانی ئاویی وڵات دەرکەوتووە.

"زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان یەکێک لە هۆکارەکانی تێکدانی ژینگەیەو ئاسایشی خۆراکیش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، مەترسیی لەسەرە.. وڵاتانی دراوسێمان بەپێی پێویست بڕی ئاویان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەرنەداوەتەوە، ئەمەش هۆکارە بۆ قووڵبوونەوەی گرفتەکان" لەتیف ڕەشید وای وت.

سەرۆککۆماری ئەوەشی خستەڕوو، عێراق هەوڵدەدات کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەمبکاتەوە لە رێگەی دروستکردنی چەندین بەنداو و پڕۆژەی گلدانەوەی ئاو، بەتایبەتی لە کوردستان.

لەتیف ڕەشید باسی لە سیستمی ئاودێریی، خراپیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و بەفیڕۆدانی سامانی ئاو کرد و وتی "رێژەی بەفیڕۆدانی ئاو لە عێراق گەیشتووەتە 50% بۆ 60% کە دەبێت چارەسەر بکرێت".