عەزیز ئەحمەد بۆ مووچەخۆران: لە هەژماری مندا هیچ گرێبەستێكی نهێنی و شاراوەت پێ واژوو ناكرێت
پەرەگراف
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسروور بارزانی ڕەتی دەكاتەوە كە لە پرۆژەی هەژماری منـدا "گرێبەستی شاراوە و نهێنی" بە مووچەخۆران واژوو بكرێت و دەڵێت "بانگەشە"یەکە بۆ "سەرلێشێواندن".
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، پەیامێك سەبارەت بە كردنەوەی هەژماری بانكی لە چوارچێوەی (هەژماری من)ـدا ئاراستەی مووچەخۆران دەكات.
عەزیز ئەحمەد دەڵێت "هیچ بڕە پارەیەك لە هەژمارەكەتدا نابڕدرێت، هیچ گرێبەستێكی نهێنی و شاراوەت پێ واژوو ناكرێت، هیچ سنوورێك نییە لەسەر بڕی ڕاكێشراوی پارەكەت".
ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە "هەر لایەنێك بانگەشەی پێچەوانەی ئەم ڕاستییانە دەكات، بەدوای سەرلێشێواندن و بڵاوكردنەوەی زانیاریی نادرووستە".
"پێویست بەمە ناكات، ئێمە لێرەین، پرسیارەكانتان ئاراستەی ئێمە بكەن بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەكان"، عەزیز ئەحمەد وا دەڵێت.
ئەم ڕوونكردنەوەی جێگری سەرۆكی نووسینگەكەی مەسروور بارزانی پاش ئەوە دێت كە چەند ڕۆژێكە نووسینێك سەبارەت بە "گرێبەستی ئەلیكترۆنی" لە پرۆژەی هەژماری مندا، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستاودەستی پێ دەكرێت.
لە نووسینەكەدا باس لەوە كراوە كە لە پرۆسەی دروستكردنی كارتی بانكی لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری مندا، گرێبەستێکی نهێنی بە مووچەخۆر واژوو دەکرێت بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت و خاڵەکانی گرێبەستەکەی پێ نیشان بدرێت.
هەروەها لە خاڵێكی نووسینەكەدا هاتووە كە ئەو گرێبەستەی بە مووچەخۆر واژوو دەكرێت، تێیدا هاتووە "بانكم كردە وەكیلی خۆم (بەبێ گەڕانەوە بۆ من) هەر كاتێك بیەوێت، دەتوانێت ئەو قەرزانەی حكومەت داوای لێ دەكات، دەفعیان بكات و لە مووچەكەم بیهێنێتە خوارەوە".
"بانك هەر كاتێك بیەوێت (بە ڕەهایی، هەر لە ڕاستیدا وشەی ڕەهاییان بەكار هێناوە)، دەتوانێت عمولەی مووچەكەم بگۆڕیت بۆ هەر چەندێك كە بانك دایدەنێت و پێویست بە گەڕانەوە بۆ من نەكات"، نووسینەكە بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەمەش خاڵێكی دیكە گرێبەستی هەژماری منە.
نووسینەكە سەرەتا لەلایەن گوڵاڵە سدیق، شارەزای ئابووری بڵاو كرایەوە. ناوبراو لە كۆتایی نووسینەكەدا دەڵێت "ئەم زانیارییانە فەرمانبەرێكی گرێبەستە ئەلیكترۆنییەكان بۆی ناردووم"، بەڵام تا ئێستا ڕاستی و دروستیی زانیارییەکان پشتڕاست نەكراوەتەوە.