لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مرداربوونەوەی نەورەسەكان دەكرێت

11-05-2024 07:32

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مرداربوونەوەی نەورەسەكانی دەریاچەی دوكان دەكات و هاووڵاتیانیش ئاگادار دەكاتەوە كە "بە هیچ شێوەیەكان نەچنە شوێنی نەورەسەكان".

وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی مرداربوونەوەی زۆرێك لە باڵندە نەورەسەكان بەھۆی نەخۆشییەوە، ئاگاداری ھاووڵاتییان دەكەینەوە كە بە ھیچ شێوەیەك سەردانی شوێنی نەورەسەكان لە دەریاچەی دوكان نەكەن".

وەزارەتەكە جەختی كردووەتەوە كە "لەپێناو سەلامەتیی تەندروستیی خۆیان و كۆمەڵگا"، جگە لە تیمە پسپۆڕەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ھیچ كەسێك سەردانی نیشتمانی نەورەسەكان نەكات.

وەزارەتی تەندروستی چاوەڕێیە ڤێتێرنەریی سنوورەكە بە فەرمی دڵنیایی بدات لە جۆری نەخۆشییەكە و سەلامەتیی بۆ مرۆڤ، ئەگەر بە پێچەوانەشەوە بوو، ڕێكاری پێویست بگیرێتە بەر.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕۆژی ڕابردوودا سەدان باڵندەی نەورەس لە دەریاچەی دوكان مردار بوونەتەوە، تیمی ڤێتێرنەریی ڕاپەڕِین چووەتە شوێنەكە و لێكۆڵینەوەی دەست پێ‌ كردووە.

بەپێی پشكنینی سەرەتایی، دەركەوتووە كە ئەنفلەوەنزا لەناو نەورەسەكاندا بڵاو بووەتەوە، بەڵام جۆری ئەنفلەوەنزاكە و جۆری ڤایرۆسەكەی پێویستی بە پشكنینی وردترە و هێشتا ئەنجامی ئەو پشكنینانە دەرنەچوون.