دەستەی ناوچە كوردستانییەكان داوای چارەسەری كێشەی جووتیارانی پەڵکانە دەكات

10-05-2024 09:17
سوپاى عێراق لە گوندى پەڵکانە - فۆتۆ: کوردستان٢٤

پەرەگراف

دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم داوای چارەسەری كێشەی جووتیارانی گوندی پەڵكانەی كەركووك دەكات و دەڵێت "عەرەبی هاوردە لە گوندەكە خێمەیان هەڵداوە و سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جووتیارانی كورد نادات".

دەستەكە ڕاگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو ڕێگرییانە لە كاتێكدایە كە "پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندیی قیادەی عەمەلیاتی كەركووك، جووتیارانی كورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێ كرد".

دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەگەڵ جەخت كردنەوە لەسەر ئەوەی كە ئەوان بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بوون بۆ چارەسەری ئەو كێشانە، داوایش لە حكومەتی عێراقی دەكات "دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جووتیاری كورد دەكرێت، بێدەنگ نەبێت و فراكسوێنە كوردییەكانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەكانی خۆیان چڕتر بكەنەوە".

دەستەكە لە هەمان كاتیشدا داواكارە "شایستەی دارایی پێویست بدرێتە عەرەبە هاوردەكان و بیان گەڕێننەوە ناوچەكانی خۆیان".

دەقی ڕاگەیەندراوی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم:

بەداخەوە ماوەی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بە ناڕەوا و دوور لە هەموو بنەمایەكی ئاشتییانە و پێكەوەژیان هاتوونەتە گوندی پەڵكانە و خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جووتیارانی كورد نادات بەری ڕەنج و ماندووبوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە، ئەمە لەكاتێكدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی كەركووك، جووتیارانی كورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێ كرد.

ئێمە وەك حكومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە كوردستانییەكان، بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بووین تا دەستورو یاسا دوابڕیار بێ و چیتر بە یاسای كۆن گیانی برایەتی تێك نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەكە درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن، بەداخەوە تا بە ئێستا دەگات گرفتەكان وەك پێویست چارەسەر نەكراون.

بۆیە داواكارین لە حكومەتی عێراقی، دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جووتیاری كورد دەكرێت، بێدەنگ نەبێت، فراكسوێنە كوردییەكانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەكانی خۆیان چڕتر بكەنەوە. لە هەمان كاتیشدا داواكارین شایستەی دارایی پێویست بدرێتە عەرەبە هاوردەكان و بیان گەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

هەموو لایەك دڵنیا دەكەین دەستەی ناوچە كوردستانییەكان لە هەوڵەكانی خۆی بەردەوام دەبێت، تا چیتر زوڵم و ستەم لە جوتیاری كورد لە گوندی پەڵكانە و تەواوی ناوچەكانی سەرگەڕان نەكرێت، لە هەمان كاتدا ڕای دەگەیەنین جێبەجێكردنی دەستوور و پابەندبوون بە بنەماكانی ماددەی ١٤٠ زامنی چارەسەربوونی تەواوی كێشەكانی ئەو ناوچانەیە.

دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم