سۆران عومەر: خوێندنەوەی یەكەم بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆن هیچ بەهایەكی نییە و نابێت بە یاسا
پەرەگراف
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری دووەمی یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان كرد، بەڵام پەرلەمانتارێك دەڵێت "درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن نابێت بە یاسا، كۆمیسیۆن تەمەنی كۆتایی دێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هێندەی دیكە دوا دەكەوێت".
ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، بڕگەی هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆن بۆ كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق زیاد كرا و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پرۆژەیاساكە كرا.
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "هەمواری ماددەی (٧)ـی یاسای كۆمیسیۆن دەكرێت و تەمەنی ئەجوومەنی كۆمیسیاران بۆ شەش مانگی تر درێژ دەكرێتەوە".
وەكوو ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێ كردووە، ئامانج لە هەموارەكە ئەوەیە "گرەنتیی یاسایی ئەوە بكرێ، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بتوانێ سەرپەرشتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات".
بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە، پێویستە بوو وەرزی یاسادانان درێژ بكرێتەوە، پەرلەمانتار سۆران عومەر بە پەرەگرافی وت "وەرزی یاسادانان كۆتایی هات. واژوومان كۆكردەوە تاكو پشووی یاسادانان مانگێكی دیكە درێژ بكرێتەوە، بەڵام سەرۆكایەتیی پەرلەمان نەیخستە دەنگدانەوە".
سۆران عومەر ڕوونی كردەوە كە "بەپێی هەموارەكە، تەمەنی كۆمیسیۆن تا 7-1-2025 درێژ دەكرێتەوە، بەڵام پەرلەمان ئەمڕۆ لە یاسادانان وەستا و تا 9-7-2024 كەوتووەتەوە پشووەوە، كۆمیسیۆنیش تا ئەو كاتە (7-7-2024) تەمەنی كۆتایی دێت و پرۆژەكە هیچ بەهایەكی نییە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "ئەمە وا دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هێندەی دیكە دوا بكەوێت. ئەگەر بیانەوێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێ، ئەوە نازانرێ كێ هەڵبژاردن ئەنجام دەدات، یان دەیانەوێ دەستەیەكی باڵای دادەوریی هەرێم سەرپەرشتیی بكات".
سۆران عومەر بۆ پەرەگراف جەخت دەكاتەوە كە ئەگەر كۆبوونەوەی پەرلەمان لە ڕۆژانی ئایندە هەشبێت، "تەنها بۆ هەمواری یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دەبێت، پەرلەمان ناتوانێت هیچ یاسایەك دەر بكات".