پەرەگراف - سلێمانی
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆكی لیستی بەرەی گەل، دەڵێت "بەشێك لە یەكێتی و بە تایبەتی كاك قوباد، ڕێككەوتنی لەگەڵ برایانی پارتی كردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن".
لاهور شێخ جەنگی پاش بەشداریكردنی لە هەشتەمین كۆنفرانسی دابڕان لە شاری سلێمانی بۆ میدیكان دوا و جەختى کردەوە، پێشتر زانیاریی لەبەردەستیدا بووە كە ڕێككەوتنی ژێربەژێر لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەبووە، بەڵام "یەكێتی دەیویست خەڵك چەواشە بكات".
"یان كاك بافڵ ئاگاداری ئەو ڕێككەوتنە نییە، كە ئەوە عەیبەیەكی گەورەیە، یان ئاگادارە و خەڵكیان چەواشە كردووە، ئەمەش عەیبەیەكی ترە"، لاهور شێخ جەنگی وای وت.
سەرۆكی لیستی بەرەی گەل ئاماژەی بەوەش كرد كە "ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی ئیقلیمیش كراوە بۆ ئەوەی ئەم جەوە بخوڵقێت و هەڵبژاردن دوابخرێت"، هەر بۆیە وتی "هەڵبژاردن لۆ مارێ".
لاهور شێخ جەنگی ڕۆژى ١٤-٤-٢٠٢٤ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، یەکێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "ڕێککەوتوون، بەڵام نایانەوێت ڕایبگەیەنن".