پەرەگراف
بۆ گفتوگۆ دەربارەی "چارەسەركردنی كێشەكان"ـی نێوان هەرێم و بەغداد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێك گەیشتە بەغداد و لەگەڵ سەرۆكوەزیران و لایەنە شیعەكان كۆدەبێتەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە میانی سەردانەكەیدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆمار و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە، هەروەها بەشداری لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبەربردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەكات".
سەرۆكایەتیی هەرێم دەشڵێت "لە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ سەركردە و بەرپرسانی باڵای عێراق، نێچیرڤان بارزانی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر - بەغدا و دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی دیكە، تاوتوێ دەكات".
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە وردەكاریی ئامانجی سەردانەكە ڕایگەیاند "سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر مەلەفی بودجە و مووچە، نەوت و هەناردەكردنەوەی، هاوكات پەیوەندییەكی تەندروست و باش لەنێوان هەولێر و بەغدا، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەكات".
وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كردووە كە "نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا جەخت لەسەر جێبەجێكردنی خاڵەكانی ڕێككەوتنی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكاتەوە، كە حكومەتی لەسەر دامەزراوە و بەڵێنی جێبەجێكردنیان دراوە، بەڵام لە ڕاستیدا جێبەجێ نەكران".