عەلی حەمەساڵح بە بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی هەڵبژێردرا

19-03-2024 08:36

پەرەگراف

كۆنگرەی دامەزراندنی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، تێیدا ‏عەلی حەمەساڵح بە بڕیاردەری ڕەوتەكە هەڵبژێردرا. ڕەوتەكە دەستەیەكی بەڕێوەبردنی ‏هەیە و سەرۆكی نییە، تەنیا بڕیاردەری هەیە.‏

عەلی حەمەساڵح پاش كۆنگرەكە بۆ میدیاكان دوا و ڕایگەیاند كە ماوەی ساڵێكە كار لەسەر ‏دروستكردنی ڕەوتەكە دەكەن و ئامانجیان تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردن نییە، بەڵكوو ‏‏"هێزێكی ئەقڵانیی جیددیی پێشوودرێژ"ن و كار و چالاكیی جیاوازی مەدەنی ئەنجام ‏دەدەن.‏

سەبارەت بە هۆكاری هەڵبژاردنی ناوی ڕەوتەكەشیان، عەلی حەمەساڵح وتی "هەڵوێست لە ‏بەرانبەر ئەو دۆخە نەخوازراوانەی كە پارتەكانی دەسەڵاتدار بەسەر خەڵكیاندا سەپاندووە ‏لە سزادانی خەڵك، ڕاگرتنی مووچە، هەڵوێست بەرانبەر چەوتییەكانی حوكمڕانی كە هیچ ‏دامەزراوەیەكی شەرعیی حوكمڕانییان نەهێشتووە و حیزب دەستی بەسەردا گرتوون".‏

ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە چەندین كەسایەتی و پەرلەمانتار و چالاكوان لەسەر ئاستی ‏هەرێمی كوردستان پێك دێت، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لیستی دەبێت.‏