پارتی پشتیوانی بۆ هەڵوێستەکانی کۆدەکاتەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی: هەنگاوەکانی داهاتوو لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە
پەرەگراف
پارتی پشتیوانی بۆ هەڵوێستەکانی کۆدەکاتەوەو لە هەولێرو بەغداد لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوەو سوورە لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمان و لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواکارییەکانی لە پڕۆسەی سیاسی عێراقیش دەکشێتەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەڵێت: هەنگاوەکانی داهاتوومان خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە و لە ژێر بەرنامەدایە.
پارتی پشتیوانی بۆ هەڵوێستەکانی کۆدەکاتەوەو لە هەولێرو بەغداد لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوەو سوورە لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواکارییەکانی لە پڕۆسەی سیاسی عێراقیش دەکشێتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی باڵای پارتی بۆ پەرەگراف، ئەو حیزبە لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا شاندێک دەنێرێتە بەغداد و هەڵوێستەکانی بۆ لایەنە عێراقییەکان ڕووندەکاتەوەو داوای جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور تایبەت بە مافەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕێککەوتنانە دەکات کە لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردوویەتی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی.
هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانیی حیزبەکان بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠-٦ی ئەمساڵ تاوەکو ناکۆکییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن چارەسەر دەبن، لە یەکەم وێستگەشدا ئەمڕۆ سەردانی گۆڕانی کرد.
هیوا ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، بە میدیای حیزبەکەیی ڕاگەیاند "بەیاننامەکەمان ڕوونەو هۆکارەکانی ئەو هەڵوێستانەمان خاڵ بە خاڵ باس کردووە، هەنگاوەکانی داهاتووشمان خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە و لە ژێر بەرنامەدایەو هیوادارین پەیامەکەمان گەیشتبێتە چوارچێوەی هەماهەنگی و حیزبە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت "پێش ئەوەی دۆسیەکە یاسایی بێت، سیاسییەو زۆر بە لەسەرخۆیی مامەڵەمان لەگەڵ ئەو دۆسیەیە کردووەو بیرمان کردووەتەوە کە چیتر ناکرێت ئیرادەی گەلی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵی تێکبشکێت هەر رۆژە و بە بیانوویەک، ئەو بڕیارانەشی کە داومانە بڕوامان پێیەتی و بەرگری لە خۆمان دەکەین و لەسەری بەردەوام دەبین".
بڕیارەکەی پارتی بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و هەڕەشەی کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە، یەکێتی نیشتیمانی وەک هێزێکی سەرەکی دەسەڵات لە هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە وادەی خۆیدا کە ١٠-٦ی ئەمساڵە. بزووتنەوەی گۆڕانیش وەک لایەنێکی پێکهێنەری حکومەت دەڵێت، پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بە بەشداری و لێکتێگەیشتنی هەمو لایەنە سیاسییەکان.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش داوای هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەکەن بۆ ئەو مەبەستەش جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلای بە فەرمی ئەو هەڵوێستەیان ڕاگەیاند.
لەسەر ئاستی عێراقیش خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادەی سوننەکان ڕایگەیاند، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پارتی و ئاماژەكردن بە كشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی، "تەواوی ئایندەی عێراق دەخات مەترسییەوە".
یەکەم کاردانەوەی نێودەوڵەتیش بۆ بڕیارەکەی پارتی لەلایەن ئەمەریکاوە بوو کە زلهێزترین وڵاتی جیهانەو کاریگەریی زۆری لەسەر عێراق هەیە، هەریەکە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغداد ڕایانگەیاند، لە بڕیارەکەی پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانن و پشتیوانی هەڵبژاردنێک دەکەن هەموولایەک تێیدا بەشداربن و پێویستە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان لە سەر داهاتوویان.