مەسرور بارزانی: لەگەڵ هەڵبژاردنین بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی یاسایەكی دادپەروەرانە بێت
پەرەگراف
مەسرور بارزانی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان، بەڵام پێویستە هەڵبژاردنێکی ڕەوا و دیموکراتیانە و دەستووری بێت و لە چوارچێوەی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە بێت، كە گەرەنتی نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان بکات.
ئەو وتانەی سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کە تەوەرێکی تایبەت بووە بە گرنگیی ڕێزگرتن لە سیستمی فیدراڵیی عێراق و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێم.
"ئاماژەمان بەوەدا کە هەرچەندە بە شێوازی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازی و ئابووری و بەناو یاسایی، فشار لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی ببێت، بەڵام خەڵکی کوردستان هەرگیز ئامادە نییە سازش لە سەر مافەکانی بکات" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت مەکتەبی سیاسی پارتی بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".
مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەکدا چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە پێیوایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێک لە ماددەکانی دەستوری عێراقی کردووە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".
هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکات، "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".