گۆڕان: پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بە بەشداری و لێکتێگەیشتنی هەمو لایەنە سیاسییەکان
پەرەگراف
بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی فەرمی ڕاگەیاند لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت: پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بە بەشداری و لێکتێگەیشتنی هەمو لایەنە سیاسییەکان.
"لەپێناو پرۆسەی دیموکراسی، گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان، ڕەوایەتیدان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان؛ پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە" گۆڕان وادەڵێت.
بزووتنەوەکە دەشڵێت "لەم ڕاستیەوە، باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە، بە بەشداری و لێکتێگەیشتنی هەمو لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردنێک وەڵامگۆی پێداویستیە نیشتمانی، قانونی، دامەزراوەیی و بەپیرەوەچوونی ژیان و گوزەران و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بێت، لە هەموی پڕبایەختر لەڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستانەوە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بکرێت".
ئەوەش دوای ئەوە دێت مەکتەبی سیاسی پارتی بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".
مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەکدا چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە پێیوایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێک لە ماددەکانی دەستوری عێراقی کردووە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".
هاوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند، یەکێتی پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ی حوزەیرانی 2024 وەکو لەلایەن سەرۆکی هەرێم بڕیاری لەسەر دراوە.