خەمیس خەنجەر: كشانەوەی پارتی لە پڕۆسەی سیاسی تەواوی ئایندەی عێراق دەخاتە مەترسییەوە

19-03-2024 11:17
سەردانێکی پێشتری خەمیس خەنجەر بۆلای مەسعود بارزانی

پەرەگراف

خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە ڕایگەیاند، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاماژەكردن بە كشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی، تەواوی ئایندەی عێراق دەخات مەترسییەوە.

خەنجەر لە بەیاننامەیەكدا پارتی بە "پایەیەكی سەرەكی لە پایەكانی ژیانی سیاسی لە عێراق" ناو دەبات و دەشڵێت: گفتوگۆی نێوان بەغدادو هەولێر بە ئامادەبوونی سەرجەم هاوبەشەكان، تاكە رێگاو باشترین چارەسەرە بۆ كێشە سیاسیەكان.

ئەوەش دوای ئەوە دێت مەکتەبی سیاسی پارتی بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە "بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەکدا چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە پێیوایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێک لە ماددەکانی دەستوری عێراقی کردووە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".

هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکات، "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".

هەرلە کاردانەوەی بڕیارەکەی پارتی دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغداد ڕایانگەیاند، لە بڕیارەکەی پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانن و پشتیوانی هەڵبژاردنێک دەکەن هەموولایەک تێیدا بەشداربن.