وتەبێژی یەکێتی: پابەندین بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ی حوزەیرانی 2024

18-03-2024 11:11

پەرەگراف

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتی پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ی حوزەیرانی 2024 وەکو لەلایەن سەرۆکی هەرێم بڕیاری لەسەر دراوە.

سەعدی پیرە دەڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باشترین رێگایە بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری دیموکراسی و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆ و ناوچەکە بە گشتی.

وتەبێژەکەی یەکێتی دەشڵێت: چالاککردنەوەی پەرلەمان گرنگە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاسایی و سەرەکییەکانی و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە فرە رەهەندەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

ئەوە لەکاتێکدایە مەکتەبی سیاسی پارتی بە فەرمی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت "بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەند کردنی بریاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەکدا چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە پێیوایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێک لە ماددەکانی دەستوری عێراقی کردووە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "پێشێلی مافە دەستوریەكانی كردووە و دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".

هاوکات لەگەڵ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی کشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکات دەڵێت "لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".

لە کاردانەوەی بڕیارەکەی پارتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغداد ڕایانگەیاند، لە بڕیارەکەی پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانن و پشتیوانی هەڵبژاردنێک دەکەن هەموولایەک تێیدا بەشداربن. 

ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پەیامنێری رووداو، وتی "ئێمە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانمان بینی کە باس لەوە دەکات، ئەوان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بایکۆت دەکەن. ئێمە نیگەرانین لە بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان". 

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی "هەڵوێستی بەردەوامی ئێمە ئەوە بووە پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێک دەکەین، کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداری بکەن و هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە، شەفاف و متمانەپێکراو بێت".

هەر لەسەر هەمان پرس، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاند "نیگەرانین لە ڕاگەیاندنی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەین دڵنیایی بدەن کە هەڵبژاردنەکان ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و متمانەپێکراو دەبن. هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان لە سەر داهاتوویان".

لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق کە پارتی نیگەران کردووەو هۆکاری بایکۆتی هەڵبژاردنە لەلایەن ئەو حیزبەوە، پاتێڵ وتی "لە زۆربەی ئەو نیگەرانیانەش تێدەگەین کە لەلایەن کوردی عێراقەوە سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەمدواییەی لەلایەن دامودەزگا فیدراڵییەکانی عێراقەوە دەرکران، بەڵام پێمانوانییە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی پارتی و گەلی کوردستان و عێراقیش بە گشتی بکات."