ئەمەریکا لە بڕیارەکەی پارتی نیگەرانەو پشتیوانی هەڵبژاردنێک دەکات هەموولایەک تێیدا بەشداربن
پەرەگراف
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغداد ڕایانگەیاند، لە بڕیارەکەی پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانن و پشتیوانی هەڵبژاردنێک دەکەن هەموولایەک تێیدا بەشداربن.
ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پەیامنێری رووداو، وتی "ئێمە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانمان بینی کە باس لەوە دەکات، ئەوان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بایکۆت دەکەن. ئێمە نیگەرانین لە بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان".
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی "هەڵوێستی بەردەوامی ئێمە ئەوە بووە پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێک دەکەین، کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداری بکەن و هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە، شەفاف و متمانەپێکراو بێت".
هەر لەسەر هەمان پرس، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاند "نیگەرانین لە ڕاگەیاندنی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەین دڵنیایی بدەن کە هەڵبژاردنەکان ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و متمانەپێکراو دەبن. هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان لە سەر داهاتوویان".
لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق کە پارتی نیگەران کردووەو هۆکاری بایکۆتی هەڵبژاردنە لەلایەن ئەو حیزبەوە، پاتێڵ وتی "لە زۆربەی ئەو نیگەرانیانەش تێدەگەین کە لەلایەن کوردی عێراقەوە سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەمدواییەی لەلایەن دامودەزگا فیدراڵییەکانی عێراقەوە دەرکران، بەڵام پێمانوانییە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی پارتی و گەلی کوردستان و عێراقیش بە گشتی بکات."