تیمی وزاری یەکێتی: ئێمە داوامانکرد بەو پارەیەی کە لە بەغداوە هاتووە دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچە
پەرەگراف
تیمی وەزاریی یەکێتی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی مووچەی مانگی شوبات بڵاوکردەوەو دەڵێت: لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، تیمەکەیان داوایکردووە بەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداوە هاتووە دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
"هەبوون کە لایەنی سەرەکی حکومەتن؛ لە دژی ئەو بۆچوونەی ئێمە قسەیان کرد.. جگە لەوە هەرچییەک وترابێت بە پێچەوانەی ئەوەی دەیڵێین؛ راست نییە و مەرام و موزایەدەی سیاسی لە پشتە" تیمی یەکێتی لە حکومەت وادەڵێت.
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر یەوەزیری دارایی هەرێم ڕەتی کردەوە وەزیرەکانی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لەگەڵ ئەوەدابووبن مووچە دابەش بکرێت بەوپارەیەی بەغداد ناردوویەتی.
"لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كەس موعارز نەبوو، وەزیری هەرسێ لایەنەكە لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ موچە هاوڕا و یەك دەنگ بووین" ئاوات شێخ جەناب بۆ میدیای گۆڕان وای وت.
ئەو وتانەی وەزیری دارایی دوای ئەوەهات، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی ڕایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە ئەو پارەیەی کە هاتووە بۆ مووچە دابەش بکرێت و وەزیرەکانیان لەگەڵ دابەش نەکردنی مووچە نەبوون.
هاوکات دوێنێ وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند "سەرەتای دروستبوونی کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا لەوەوە دەستی پێ کرد، کە لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن و ئەوان ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران".
"لەم کاتەدا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئامادەیە تەنها لەسەدا 59ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، ئەویش دوای یەک مانگ لە دواخستنی، کە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نییە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیتنە و جیاکاری و سووکایەتییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان" پێشەوا هەورامانی وای وت.
وتیشی "ئەوانەی لەدەرەوەی نیەتی نیشتمانی و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان موزایەدە و قسەی دیکە دەکەن، ئەگەر ڕاست دەکەن با بفەرموون لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕە مووچەیە خۆیان دابەشی بکەن، چونکە ئێمە نە سووکایەتی قبووڵ دەکەین و نە جیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانمان دەکەین".
لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیار دراوە بەو پارەیەی کە بەغداد ناردوویەتی جارێ دەست بە دابەشکردنی مووچە نەكەن تا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی پێشمەرگەو شەهیدان و هێزە ئەمنییەکانیش دەنێرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "ئەو پارەیەی بەغداد تەموویلی مووچەی پێ کردووە لەسەدا 59ـی مووچە دابین دەکات و لەسەدا 41 کورتهێنان هەیە".
لەبارەی هۆکاری نەناردنی پارەی تەواوی مووچەی هەرێم، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، ئەو ٥٦٠ ملیار دینارەی بۆ مووچەی مانگی شوباتی هەرێم نێردراوە بەپێی لیستی مووچە بووە کە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی، ئەو وەزارەتانەشی مووچەیان بۆ نەنێردراوە ناو و زانیاریی مووچەخۆرەکانیان لە هەرێمەوە ڕەوانەی بەغداد نەکراوەو هەرکات زانیارییەکانیان پێ بگات پارەی ئەوانیش دەنێرن.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم بۆ رای گشتی
لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵ و تەسریباتی ناڕاست و نادروست لە سەر بابەتی مووچە زۆر وترا و بڵاوکرایەوە، بۆ راستکردنەوە و گەیاندنی زانیارییەکان بە دروستی و دوور لە موزایدەی سیاسی، مەبەستمان بوو ئەم دوو خاڵە بخەینەڕوو..
یەکەم: لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، تیمی وەزاری یەکێتی داوایکرد بەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداوە هاتووە دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە بەرەجەژنانە و خەڵک چاوەڕێی ئەو مافەی خۆیەتی وەریبگرێت، لەگەڵ ئەوەش هەوڵ بدرێت ئەو بەشەی تریش داوا بکرێت لە وەزارەتی دارایی عێراق بینێرێت. هەبوون کە لایەنی سەرەکی حکومەتن؛ لە دژی ئەو بۆچوونەی ئێمە قسەیان کرد.. جگە لەوە هەرچییەک وترابێت بە پێچەوانەی ئەوەی دەیڵێین؛ راست نییە و مەرام و موزایەدەی سیاسی لە پشتە.
دووەم: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە حیزب و تیمی حکومەتیشەوە، سیاسەتێکی میانڕەوانەی گرتووەتەبەر لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم و عێراق و هاوسەنگی راگرتووە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد کە بە خوێنی شەهیدانمان بەدەست هاتوون و ئەمانەتە لە ئەستۆی هەموومان، هەرگیز هەوڵی تێکدانی نێو ماڵی لایەنەکانی هەرێم و بەغدای نەداوە لەپێناو پۆستێکی دیاریکراودا. بۆیە ئەوانەی ئەو هەوڵانە دەدەن، بوونەتە باعیسی رێکنەکەوتن و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دواتر خەڵکی کوردستانیش دەبنە قوربانی ئەو سیاسەتە هەڵەیە.
لە کۆتاییدا دەڵێین؛ بەم رەمەزان و بەرەجەژنانە، خۆزگە لەبری بەیاننامە و لێدوان و تەسریباتی ناڕاست، بە هەموومانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەمان بدایە کە زیاد لە ١٠ ساڵە ماف و شایستەی مووچەخۆرانمان دەستەبەر ناکرێت. خەڵکی کوردستان راستە پشووی درێژە بەڵام ناکرێت ئەو پشوودرێژییە لەبەرچاو نەگیرێت و مافەکانیان پەراوێز بخرێت.
تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان