بۆ ڕۆژی دووەم بایکۆت بۆ مووچە لە هاتووچۆی سلێمانی بەردەوامە

18-03-2024 01:16
وێنەی ئەمڕۆی ناو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی. وێنە؛ بڕیار نامیق

پەرەگراف

بۆ ڕۆژی دووەم لەسەریەک کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد بۆ مووچەی مانگی شوبات و مامەڵەی هاوڵاتییانیان ڕایی نەکرد.

عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی سلێمانی پشتیوانی هەڵوێستی کارمەندەکانی دەکات و لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بایکۆتی کارمەندەکانیان ناچارییەو پارەی هاتووچۆو خەرجیی ڕۆژانەیان پێ نەماوە، بۆیە بایکۆتیان کردووە.

ناوەڕاستی مانگی ئادار تێپەڕیوە و هێشتا مووچەی مانگی شوبات دابەش نەکراوە، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیار درا بەو پارەیەی کە بەغداد ناردوویەتی جارێ دەست بە دابەشکردنی مووچە نەكەن تا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هێزە سەربازییەکانیش دەنێرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "ئەو پارەیەی بەغداد تەموویلی مووچەی پێ کردووە لەسەدا 59ـی مووچە دابین دەکات و لەسەدا 41 کورتهێنان هەیە".

"كێشەی هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەدا سەد سیاسیە، نە رەقەمییەو نە یاساییە. لە رێگەی موچەوە دەیانەوێت كۆمەڵگەی كوردی دابەش بكەن بەسەر مەدەنی و ئەمنی و سەربازی بۆ ئەوەی فیتنە درووست بكەن" ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وادەڵێت.

لەبارەی هۆکاری نەناردنی پارەی تەواوی مووچەی هەرێم، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، ئەو ٥٦٠ ملیار دینارەی بۆ مووچەی مانگی شوباتی هەرێم نێردراوە بەپێی لیستی مووچە بووە کە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی، ئەو وەزارەتانەشی مووچەیان بۆ نەنێردراوە ناو و زانیاریی مووچەخۆرەکانیان لە هەرێمەوە ڕەوانەی بەغداد نەکراوە.

وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ناوی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنییەکانی پێ نەگات ناتوانێت مووچەکانیان بنێرێت و هەرکات زانیارییەکان بگاتە دەستیان پارەی ئەوانیش دەنێرن، جەختیشی کردووەتەوە کە بۆ مانگی ئادار بەبێ بەبانکیکردن و کردنەوەی هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکە عێراقییەکان پارە بۆ مووچەی هەرێم خەرج ناکەن.