شەپۆلێكی بەهێزى بارانبارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات

17-03-2024 02:18

پەرەگراف

بەپێی ڕاپۆڕتی كەشناسیی هەرێمی كوردستان، سبەی دووشەممە شەپۆلێكی بارانبارین لە هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكات و سێ‌ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژی سێشەممە "بارانبارینی بەلێزمە و هەورەتریشقە بەدرێژایی ڕۆژەكە سەرجەم ناوچەكە دەگرێتەوە".

كەشناسیی هەرێم لە ڕاپۆرتێكدا سەبارەت بە پێشبینی بۆ ئەو شەپۆلەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات، دەڵێت "ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 18-3-2024، سەرەتا بارانبارین بە شێوەی نمەبارانی لەسەرخۆ لە كاتە جیاجیاكان لەسەر هەندێ ناوچە دەبارێت، زۆربەی كاتەكان ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و پلەكانی گەرما بە نزیكەی 1-3 پلە نزم دەبێتەوە. سنووری پارێزگای دهۆك بارانی زیاتر دەبێت بە تایبەت لە كاتەكانی شەودا".

كەشناسیی هەرێم بۆ ڕۆژی سێشەممە پێشبینیی "بارانبارین بەشێوەی مامناوەند و بەلێزمە و هەورەتریشقە بەدرێژایی ڕۆژەكە" دەكات، ئەوەش لە ئەنجامی كاریگەریی یەكگرتنی دوو نزمەپاڵەپەستۆی (دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور) كە دەبنە هۆی بەهێزبوونی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ڕوو لە هەرێم دەكات.

كەشناسی ئاماژە بەوە دەكات كە "ئەگەری بارینی تەرزە و هەورەتریشقە لە كاتە جیاجیاكان و هەندێ ناوچە هەیە، لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با بۆ سەرووی 25 كم لە كاتژمێرێكدا". هەروەها دەڵێت "كاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ڕۆژی چوارشەممە لاواز دەبێت و لە كاتەكانی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ كۆتایی دێت".

بڕی بارانبارینی پێشبینیكراو لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان:

سەنتەری شاری دهۆك: سەرووی 60 ملم.

ناوچە شاخاوییەكان بە تایبەت ناوچە سنوورییەكان (ئاكرێ، شیلادزێ، چمانكێ و ئامێدی): سەرووی 70 ملم.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: لەنێوان (45- 65) ملم.

سنووری پارێزگای هەولێر: سەنتەری شار زیاتر لە 40 ملم و ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر لە سەرووی 60 ملم.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: لە سەرووی 60 ملم.

سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاوییەكانی: (45-75) ملم.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: لەنێوان (35-45) ملم.

پارێزگای هەڵەبجە و ناوچە شاخاوییەكانی: (25-35) ملم.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین: لە نێوان (65-85) ملم.