پەرەگراف
پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە ناوچەی زڕگوێزی نزیك سلێمانی كوژرا. بەپێی زانیارییەكان "كەسێكی ناسراو و نزیک لە خۆى كە لەناو كۆمەڵەدا بووە، لە نزیكەوە بە دەمانچە كوشتوویەتی".
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ڕایگەیاند "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە بە ناوی شوعەیب زارعی، لە نزیك زڕگوێز تیرۆر كرا".
شوعەیب زارعیی تەمەن 34 ساڵ، زیاتر لە 10 ساڵە پێشمەرگەی كۆمەڵە و خەڵكی ئاوایی تەختە سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
تەرمی ئەو پێشمەرگەی كۆمەڵە دوای چەند كاتژمێرێك لە كوشتنی دۆزراوەتەوە و دەركەوتووە بە دەمانچە لە نزیكەوە تەقەی لێ كراوە.
سكرتاریەتی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا كردەوەكە بە دەستی "بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی" ناو دەبات و دەڵێت "چاوەڕوانیشمان لە ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم ئەوەیە دەستی ڕەش و نەگریسی تێرۆری كۆماری ئیسلامی لە كوردستانی باشوور كورت بكەنەوە و پارێزەری ڕۆڵەكانی ڕۆژهەڵات بن".
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "كوژراوەكە كادرێكی چالاکى كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانە و بكوژەكەیش كەسێكی ناسراو و نزیك لە خۆی بووە كە هەر لەناو كۆمەڵەدا بووە، بکوژەکە پاش ڕووداوەکە هەڵاتووە".