پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان جیاوازتر و دیموكراسیتر دەبێت، ئەوەش بە "سەرەتایەكی گرنگ" بۆ گۆڕانكاری لە شێوازی حوكمڕانی ناودەبات.
ئەو وتانەی سەرۆکی یەکێتی لە میانی کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازتر و دیموكراسیتر دەبێت و هەمووان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵدەبژێرن، ئەمەش سەرەتایەكی گرنگە بۆ گۆڕانكاری لە شێوازی حوكمڕانی و بەهێزتركردنی هەرێمی كوردستان".
بەشێکی دیکەی دیدارەکە باسکردنی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد بووە، سەرۆکی یەکێتی پەرۆشیی حیزبەکەیی بۆ چارەسەری یەكجارەكیی كێشەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكی ئەرێنی بۆ كۆی پرسەكان دووپاتكردووەتەوەو دەڵێت "نابێت ژیانی خەڵك و سەقامگیریی وڵات تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێن، دەبێت هەموولایەك بەرامبەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بەرپرسیاربن و هەوڵەكان لەچوارچێوەی بەدیهێنانی داهاتوویەكی سەقامگیرتربێت نەك قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان".
ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی کۆتای پێكهاتەكانی هەڵوەشاندەوە ئەوەش لەسەر سکاڵایەکی یەکێتی نیشتیمانی، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە، بەبێ كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن و بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان بۆ ئەوان ئاسان نابێت.
هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و كورسییەكان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش كراون؛ سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ كورسی.
لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكرابوو بە سیستمی كۆتا، پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ کرستیان و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن.
یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمان هەبوو، پێیانوابوو نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن پارتییەوە لە ململانێ سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردنیش بە جۆرێك بووە هەر ١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی یەكلا دەبوونەوە، هەربۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سکاڵاکەی یەکێتی تایبەت بوو بە کورسی پێکهاتەکان و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە دڵی ئەو حیزبەیەو نیگەرانکەرە بۆ پارتی دیموکرات و حیزب و لایەنەکانی پێکهاتەکانیش.