کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ساڵیادی کیمیاییبارانی هەڵەبجە: پابەندین بە دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی پارێزراو بۆ هەرێمی کوردستان
پەرەگراف
کونسوڵخانەی ئەمەریکا پەیامێکی لە ساڵیادی کیمیاییبارانی هەڵەبجەدا بڵاوکردەوەو پابەندیی وڵاتەکەی دووپات دەکاتەوە بۆ وەستان هاوشانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەڵێت "ئەمڕۆ 36هەمین ساڵیادی هێرشی چەکی کیمیاییە بۆ سەر هەڵەبجە کە زیاتر لە 5 هەزار کورد کوژران و 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون. ئەمەریکا جەخت لە پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە بۆ وەستان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی پارێزراو، دیموکراسی و خۆشگوزەران".
ئەمڕۆ ١٦ی ئادار، ٣٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کە تێیدا جگە لە شەهیدبونی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی و دەربەدەربوونی هەزارانی دیكە، سەدان كەسی دیكەش بە كیمیایی برینداربوون و دەیان منداڵ بێسەروشوێن بوون کە تائێستا بەشێکیان نەدۆزراونەتەوەو شاد نەبوونەتەوە بە باوەشی ئازیزانیان.
ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە بە زیاتر لە 120 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت و پێكهاتووە لە قەزای هەڵەبجە، كە ناوەندی پارێزگاكەیە لەگەڵ ناحیەكانی خورماڵ، بیارە، سیروان و بەمۆ.
هەڵەبجە ١٠ ساڵە بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچووە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا لە عێراق نەبووەتە پارێزگاو پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، بەڵام هێشتا دەنگی لەسەر نەدراوەو نەبووەتە یاسا.
لە 13ـی ئاداری 2014ـدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی وەك چوارەمین پارێزگای هەرێم واژۆكرد و لە 16ـی هەمان مانگدا مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێم فەرمانی هەرێمیی بۆ بە پارێزگابونی هەڵەبجە دەركرد.
بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجە، پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 11ی پەرلەمانی كوردستان بوو لە 22ی ئەیلولی 1999ـدا، كە تیایدا هاتووە هەریەك لە قەزاكانی هەڵەبجە، سۆران، ئاكرێ و ڕانیە بكرێنە پارێزگا.
هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی ناساندنی بە پارێزگابونی هەڵەبجە لەلایەن عێراقەوە، پشتی بە ماددەی 141ـی دەستوری عێراق قایمە، كە تیایدا هاتووە ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان كاریان پێكراوە لە پێش ساڵی 2005 بەركار دەبن، بەوەش پێیانوایە مادام پەرلەمانی كوردستان لە 1999ـدا بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی دەركردووە، عێراق ناچارە دانی پێدابنێت.
لە 31ی کانوونی یەکەمی 2013 پەرلەمانی عێراق هەڵەبجەی بە پارێزگا ناساند، بەڵام کارەکانی تەواونەکرا، لە 16ـی ئاداری 2021ـدا پەرلەمان یاداشتێكی ئاڕاستەی حكومەتی عیراقی كرد، كە تیایدا هاتووە، پێویستە حكومەت رێكارە یاساییەكانی راگەیاندنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكات.
پاشان پڕۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراقدا، لە كۆبوونەوەی ١٣-٣-٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا پەسەند كرا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا، ئەمەش دوای ئەوە هات كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو كرد و ڕەوانەی حكومەتی عێراقی كرد، كە تێیدا ئەوەخراوەتە ڕوو، هەڵەبجە شیاوی ئەوەیە بكرێتە پارێزگا.