پەیامی بەرپرسانى هەرێم لە ساڵیادی كیمیاییبارانی هەڵەبجەدا: حەزی سڕینەوەی كورد ماوە و دەبێت یەكڕیز بین

16-03-2024 01:27

پەرەگراف

لە پەیامەكانیان بۆ ساڵیادی كیمیاییبارانی هەڵەبجە، مەسعود بارزانی دەڵێت "هێشتا حەزی سڕینەوە و ئینكاركردنی مافەكانی گەلی كوردستان لەناو عێراقدا دەبینرێت"، مەسروور بارزانی جەخت دەكاتەوە كە "ئەو عەقڵییەتەی لە پشت شاڵاوەكانی سڕینەوە و قڕكردنی گەلی كوردستان بوو، ئێستاش هەر ماوە و دەبێ بە هەموومانەوە دژی بوەستینەوە"، بافڵ تاڵەبانیش دەڵێت "دەبێت جیاوازییەكان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و لەبیرمان بێت وەك كورد یەك چارەنووسمان هەیە"، نێچیرڤان بارزانیش دووپاتی دەكاتەوە كە "ئەركی هەمووانە دەسكەوتەكان و قەوارەی سیاسی و دەستووریی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان بە یەكڕیزی بیانپارێزن".

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکرات، پەیامێکی کورتی بۆ 36ـەمین ساڵیادی كیماییبارانكردنی هەڵەبجە بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا دەڵێت "تاوانی كیمیاییبارانكردنی هەڵەبجە، بەڵگەی ستەمكاری و عەقڵیەتی نامرۆڤانەی نەیارانی گەلی كوردستانە".

سەرۆکی پارتی جەخت دەکاتەوە کە "دوای تێپەڕینی سی و شەش ساڵ بەسەر كارەساتی هەڵەبجەدا، مایەی شەرمەزارییە هێشتا لەناو دەوڵەتی عێراقدا حەزی سڕینەوە و ئینكاركردنی مافەكانی گەلی كوردستان دەبینرێت".

هەروەها مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پێی وایە "ئەو عەقڵییەتەی لە پشت شاڵاوەكانی سڕینەوە و قڕكردنی گەلی كوردستان بوو، ئێستاش هەر ماوە"، دەشڵێت "دەبێ بە هەموومانەوە دژی بوەستینەوە". 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە "حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین بە شێوەیەكی شایستە قەرەبووی بنەماڵە و كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەكانی ئەنفال و تاوانەكانی دیكە بكەنەوە"، دەشڵێت "تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكەن".

"خزمەتكردنی خەڵكی هەڵەبجە بە ئەركی خۆمان دەزانین و مانگی ڕابردوو لە كاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو داواكارییانە دا كە لەلایەن پارێزگار و بەرپرسانی كارگێڕیی دەڤەرەكە خرانە ڕوو"، مەسروور بارزانی وا دەڵێت.

بەڵام بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، پێی وایە "گلەییەكان زۆرن و خزمەتگوزارییەكان كەمن، جیاكاریی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا دەكرێت". ئەو لە پەیامەکەیدا دەڵێت "ئەوەی پێشكەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەكان دەكرێت، تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێكرداردا ماوەتەوە".

بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "دەبێت لای هەمووان ڕوون بێت ئەوەی خەڵكی هەڵەبجە و هەموو كوردستان پێویستیانە، بیركردنەوەی تەسكی حزبی و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵكو خزمەتكردن و بەدەنگەوەچوونی داواكارییە رەواكانە. دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاك و نیشتمان، جێگەی بیری جیاكاری بگرێتەوە و خزمەتگوزارییەكان بۆ هەمووان بێت".

سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ جەختکردنەوە لە "پێویستیی یەكڕیزی و یەكگرتوویی"،  دەڵێت "دەبێت جیاوازییەكان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و لەبیرمان بێت وەك كورد یەك چارەنووسمان هەیە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامی خۆیدا جەخت لە "باشترین خزمەت و قەرەبوو بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەیییەكان" دەکاتەوە، بەڵام دەڵێت "بۆ ئەمە پێویستە حكوومەتی عێراق هەموو ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكان و دادپەروەری بۆ قوربانییان جێبەجێ بكات".

"دەسكەوتەكان و قەوارەی سیاسی و دەستووریی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەلی كوردستانن بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، بۆیە ئێستاش ئەركی هەمووانە بە یەكڕیزی و تەبایی بیانپارێزن و گیانی شەهیدان و دڵی خێزان و كەسوكاریان شاد بكەن، تا پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی باشتر و ئارام و پارێزراو هەنگاو بنێین"، سەرۆکی هەرێم وا دەڵێت.