پەرەگراف
وەزیری دارایی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە وەزیرەکانی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لەگەڵ ئەوەدابووبن مووچە دابەش بکرێت بەوپارەیەی بەغداد ناردوویەتی.
"لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كەس موعارز نەبوو، وەزیری هەرسێ لایەنەكە لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ موچە هاوڕا و یەك دەنگ بووین" ئاوات شێخ جەناب بۆ میدیای گۆڕان وای وت.
وەزیری دارایی هەرێم وتیشی "با كاك سەعدی پیرە نیوەی پارەی هێزە ئەمنیەكان دابین بكات".
ئەو وتانەی وەزیری دارایی دوای ئەوەدێت، ئێوارەی ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی ڕایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە ئەو پارەیەی کە هاتووە بۆ مووچە دابەش بکرێت و وەزیرەکانیان لەگەڵ دابەش نەکردنی مووچە نەبوون.
لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیار دراوە بەو پارەیەی کە بەغداد ناردوویەتی جارێ دەست بە دابەشکردنی مووچە نەكەن تا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هێزە سەربازییەکانیش دەنێرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "ئەو پارەیەی بەغداد تەموویلی مووچەی پێ کردووە لەسەدا 59ـی مووچە دابین دەکات و لەسەدا 41 کورتهێنان هەیە".
"كێشەی هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەدا سەد سیاسیە، نە رەقەمییەو نە یاساییە. لە رێگەی موچەوە دەیانەوێت كۆمەڵگەی كوردی دابەش بكەن بەسەر مەدەنی و ئەمنی و سەربازی بۆ ئەوەی فیتنە درووست بكەن" ئاوات شێخ جەناب وادەڵێت.
لەبارەی هۆکاری نەناردنی پارەی تەواوی مووچەی هەرێم، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، ئەو ٥٦٠ ملیار دینارەی بۆ مووچەی مانگی شوباتی هەرێم نێردراوە بەپێی لیستی مووچە بووە کە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی، ئەو وەزارەتانەشی مووچەیان بۆ نەنێردراوە ناو و زانیاریی مووچەخۆرەکانیان لە هەرێمەوە ڕەوانەی بەغداد نەکراوە.
وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ناوی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنییەکانی پێ نەگات ناتوانێت مووچەکانیان بنێرێت و هەرکات زانیارییەکان بگاتە دەستیان پارەی ئەوانیش دەنێرن، جەختیشی کردووەتەوە کە بۆ مانگی ئادار بەبێ بەبانکیکردن و کردنەوەی هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکە عێراقییەکان پارە بۆ مووچەی هەرێم خەرج ناکەن.