یەکێتی: وەزیرەكانمان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا لەگەڵ دابەشكردنی مووچەدا بوون
پەرەگراف
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، بە ماڵپەری فەرمیی حیزبەکەی ڕاگەیاندووە "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، بەشداریی لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی 13-3-2024ـی ئەنجوومەنی وەزیراندا نەكردووە و وەزیرەكانی یەكێتیی نیشتمانییش لەگەڵ دابەشكردنی مووچەدابوون".
نێروەیی کە لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەكێتییە، دەشڵێت "سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی، بە ناوی یەكێتییەوە ڕایگەیاندووە كە ئێمە لەگەڵ دابەشكرنی مووچەداین، نەك دابەشنەكردنی".
لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیار دراوە بەو پارەیەی کە بەغداد ناردوویەتی جارێ دەست بە دابەشکردنی مووچە نەكەن تا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هێزە سەربازییەکانیش دەنێرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "ئەو پارەیەی بەغداد تەموویلی مووچەی پێ کردووە لەسەدا 59ـی مووچە دابین دەکات و لەسەدا 41 کورتهێنان هەیە".
لەبارەی هۆکاری نەناردنی پارەی تەواوی مووچەی هەرێم، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، ئەو ٥٦٠ ملیار دینارەی بۆ مووچەی مانگی شوباتی هەرێم نێردراوە بەپێی لیستی مووچە بووە کە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی، ئەو وەزارەتانەشی مووچەیان بۆ نەنێردراوە ناو و زانیاریی مووچەخۆرەکانیان لە هەرێمەوە ڕەوانەی بەغداد نەکراوە.
وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ناوی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنییەکانی پێ نەگات ناتوانێت مووچەکانیان بنێرێت و هەرکات زانیارییەکان بگاتە دەستیان پارەی ئەوانیش دەنێرن، جەختیشی کردووەتەوە کە بۆ مانگی ئادار بەبێ بەبانکیکردن و کردنەوەی هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکە عێراقییەکان پارە بۆ مووچەی هەرێم خەرج ناکەن.
بۆ مانگی شوبات وەزارەتی دارایی عێراق ٥١٧ ملیارو ٢٦٠ ملیۆن دینار تەمویلی مووچەی هەرێمی کردووە، ئەوەش پارەی لەسەدا ٥٩ی مووچەخۆرانەو بە بڕی ٣٩٠ ملیار دینار کورتهێنان دروست دەبێت کە ڕێژەی لەسەدا ٤١ی مووچە دەکات.
هاوکات وەزیری دارایی عێراق ڕەتی کردووەتەوە پشت بە پڕۆژەی هەژماری من ببەستن بۆ دابەشکردنی مووچەی هەرێم بە ئەلیکترۆنی و ئاماژەی بەوەکردووە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەڵێت، دەبێت مووچەخۆران هەژماری بانکی لە بانکەکانی سەربە حکومەتی عێراق بکەنەوە.
پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە جێبەجێکردندایەو بەپێی ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوەو بەشێک لەو فەرمانبەران ئێستا مانگانە لەڕێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن.
ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم پێیوایە مەرجی کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکەکانی سەربە حکومەتی عێراق بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار مووچەخۆرن، مەرجێکی پەکخەرە بە ئامانجی نەناردنی مووچەکانیان، چونکە لەو ماوەیەدا ئەو پڕۆسەیە ئەنجام نادرێت.
بەڵام لە کۆبوونەوەکەی وەزیری دارایی عێراق و پەرلەمانتاران، تەیف سامی ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەگەر حکومەتی هەرێم هاوکاربێت لەماوەی ١٥ ڕۆژدا لەڕێی پڕۆژەی کی کارتی بانکی ڕافیدەینەوە کە سەربە حکومەتی عێراقە دەتوانرێت هەژمار بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە.
هەرلەسەر هەمان پرس، دادگای فیدراڵی عێراق لە روونکردنەوەیەکی نوێدا ڕایگەیاند، پێویستە بە خێرایی پڕۆژەی بەبانکیکردن کە کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ بکرێت، بەڵام هەر مووچەخۆرێک نەتوانرا هەژماری بۆ بکرێتەوە پێویستە بە کاش مووچەی پێبدرێت تا دروستکردنی هەژمارەکەی، بەوەش دادگاکە ئەو بەربەستەی لابردووە لەبەردەم ناردنی مووچە لە بەغداوە.