پەرەگراف
پاش ناكۆكییە حیزبییەكانی ماوەی ڕابردوویان، محەمەد حاجی مەحموود و عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی برای بە سەرۆكایەتیی دوو هاوپەیمانێتی دەچنە ململانێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە.
هەریەك لە پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، حیزبی شیوعیی كوردستان و حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان (هاوپەیمانیی كوردستانی)یان بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار كرد.
هاوپەیمانیی كوردستانی لەلایەن محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
هاوكات هەر ئەمڕۆ، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەگەڵ پارتی پارێزگارانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نەجات عومەر سوورچی، پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی باپیر كامەلا، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی غەفوور مەخمووری، (هاوپەیمانیی سەردەم)ـی پێكهێنا.
هاوپەیمانیی سەردەم لەلایەن عەبدوڵڵا حاجی مەحموودەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت و ئەمڕۆ لە ئۆفیسی هەولێر كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار كرا.
بەشداریی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە هەڵبژاردندا لە دەرەوەی پارتی سۆسیال دیموكرات، پاش ئەوە دێت لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ محەمەد حاجی مەحموودی برای و سكرتێری حیزبەكە ناكۆكی كەوتە نێوانیان. دواجاریش ڕۆژی 5-3-2024 لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی پارتی سۆسیال دیموكراتدا عەبدوڵڵای حاجی مەحموود لە پارتەكە دوورخرایەوە، بەڵام ناوبراو بڕیارەكەی بە "ناپەیڕەوی" ناو برد و ڕایگەیاند كاری پێ ناكات و تا بەستنی كۆنگرە هەر جێگری سەرۆكی پارتەكەیە.