سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم: دادگای فیدراڵی زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتە یاساییەكانيدا كردووە

13-03-2024 12:07

پەرەگراف

سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات كە پێداچوونەوە بە بڕیاری ‏هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان بكات و دەڵێت "بڕیارەكە پێچەوانەی دەستوورە، ‏پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بۆ ئەوەی ڕەچاوی دادپەروەری و یەكسانی بكات".‏

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، بەیاننامەیەكی سەبارەت بە ‏بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر كورسیی كۆتاكان بڵاو كردەوە و دەڵێت "دادگای فیدراڵی زیادەڕۆیی لە ‏دەسەڵاتە یاساییەكانی كردووە كە لە دەستووردا هاتووە، بە شێوەیەك مافی بەخۆی داوە كە لە هەموو گەورە ‌و ‏بچووكێكی هەرێم دەستێوەردان بكات".‏

هەروەها سەبارەت بە دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرۆكی ئەنجوومەنی ‏دادوەریی هەرێم دەڵێت "دابەشكردنی ناوچەكانی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتەكانی دیاریكراوی پەرلەمانی ‏كوردستانە و بە دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە دادگای فیدراڵییەوە نیی".‏

دەقی بەیاننامەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان:‏

عێراق بە پێی یاسای ئیدارەی دەوڵەت لە قۆناغی گواستنەوە لە ساڵی 2004 گۆڕا بۆ دەوڵەتێكی فیدراڵی و ‏تێیدا سیستەمی حوكم بە پێی مادە چوار لەو یاسایە دەستنیشان كرا بە شێوەیەك لەسەر بنەمای راستیی ‏مێژوویی و جوگرافی و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بە پێی دەستور لەنێوان ناوەند و هەرێمی كوردستان بوو. ‏دوای پەسەندكردنی دەستوریش لە ساڵی 2005 لە مادە 117 / یەكەم دان بە هەرێمی كوردستان و ‏دەسەڵاتەكانی دەنێت و مافی بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی پێی داوە تەنیا دەسەڵاتە دیاریكراوەكانی فیدراڵی ‏‏(الصلاحیات الحصریە للسگات الاتحادیە) نەبێت و ئەوەی باسی نەكردووە لە دەسەڵاته دیاریكراوەكان‌ لە ‏دەسەڵاتی هەرێمدایە و تەنانەت لەبەرامبەر یاسا فیدرالیەكان ئەولەویەتی بە یاساكانی هەرێم داوە. هەروەها ‏ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتە هاوبەشەكان كە لەمادەكانی 110 تاكو 115ی دەستوردا هاتووە مافی ‏هەمواركردنەوەی جێبەجێكردنی یاساكانی فیدراڵی بە هەرێم داوە كاتێك هاودژی یان ناكۆكی لەگەڵ یاساكانی ‏هەرێمدا هەبێت و لێرەدا باڵادەستی بۆ یاساكانی هەرێمە. هەروەها شایەنی ئاماژەپێكردنە كە ناكرێت لەژێر ‏هیچ پاساوێك دەستكاری مادە دەستورییەكان بكرێت لەبەر ئەوەی دەستوریین و گشت لایەك دەبێ پێوەی ‏پابەند بن لەنێویشیاندا دادگای فیدراڵی كە پێویستە پێوەی پابەند بێت و كێشەی بۆ دروست نەكات یان ‏پێشێلی نەكات بە بیانووی نابەجێ. لەسەر ئەو بنەمایانەش، مافی هەرێمی كوردستانە لەچوارچێوەی دەوڵەتی ‏عێراق مافە دەستورییەكانی خۆی بەكار بهێنێت، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی دامەزراندنەكەی ‏بە پێچەوانەی حوكمەكانی مادە 92ی دەستور و یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30 ساڵی 2005ی هەموار ‏كراوە، زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتە یاساییەكانی كردووە كە لەدەستوردا هاتووە بە شێوەیەك مافی بەخۆی داوە كە لە ‏هەموو گەوره ‌و بچوكێكی هەرێم دەستێوەردان بكات هەروەك لە بڕیاری ژمارە 83ی ساڵی 2024 خۆیدا كە ‏بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆتاكانی لە یاسای هەمواركراوی ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستانی كردووەو هەڵوەشاندنەوەی یازدە كورسیی پەرلەمان و كەمكردنیان بۆ سەد كورسی، كە بە ‏وردبوونەوە لەو بڕیارە بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە بە پێچەوانەی ئەو دەستورەیە كە لەژێر سایەیدا كار دەكات ‏چونكە دەستور دانی بەوەدا ناوە كە باڵادەستی بۆ یاساكانی هەرێمی كوردستانە كاتێك ناكۆك یان هاودژ بێت ‏لەگەڵ یاسا فیدرالیەكان، بەڵام یاسای نێوبراو هیچ شتێكی نادەستوریی تێدا نیە و دادگای فیدرالی لە ‏بڕیارەكەیدا، خۆی لەشوێنی یاسادانەر داناوە كاتێك هەستاوە بە هەموار كردنی كورسیەكانی پەرلەمانی ‏كوردستان و یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007ی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كاتێك ‏دابەشكردنی ناوچەكانی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتەكانی دیاریكراوی پەرلەمانی كوردستانەو بە دوور و نزیك هیچ ‏پەیوەندییەكی بە دادگای فیدراڵیەوە نیە بە شێوەیەك كە وا دەخوازێت پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگاكەدا ‏بكرێت سەرەڕای ئەوەی بڕیارەكە كۆتاییەو هەموو دەسەڵاتەكان دەبێ پێوەی پابەند بن بەڵام پێویستی بە ‏پێداچوونەوە هەیە بۆ ئەوەی رەچاوی دادپەروەری و یەكسانی بكات چونكە یەكسانی و دادپەروەری بناغەی ‏حوكمرانیە و پەیڕەوكردنی لەنێو خەڵكدا هێز و پێگە و سەنگ و قورسایی لەنێو كۆمەڵگەدا پتەو دەكات ‏ئەویش بۆ گەرەنتی كردنی ماف و كەرامەتی هاووڵاتیان بە بێ جیاكاری ئیتنی و دینی و نەتەوەیی و مەزهەبی ‏یان رەگەزیی‎.‎
‎ ‎دادوەر‎ ‎
‎ ‎عبدالجبار عزیز حسن
‎ ‎سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان
‎ 13/3/2024‎