38 حیزب خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە

06-03-2024 03:32

پەرەگراف

تا ئێستا 38 حیزب و پارت لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە، پرۆسەی تۆماركردنی ناوی پارت و كاندیدەكانیان تا 14ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی لیستێكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، 17 لەو حیزب و پارتانە لە هەرێمی كوردستان و 21ـی دیكە لە عێراق خۆیان تۆمار كردووە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و ڕاوێژ لەگەڵ حیزب و لایەنەكان، ڕۆژی 10-6-2024ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە كە لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.

هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە دەبوو لە مانگى ١٠ـى ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت و سەرۆکى هەرێم سێ جارى دیکە کاتى هەڵبژاردنى دیارى کردووە، بەڵام دوو جاریان بەهۆى ناکۆکیى نێوان لایەنەکان بە تایبەت ناکۆکیى پارتى و یەکێتى لەسەر کورسیى پێکهاتەکان، هەڵبژاردنەکە ئەنجام نەکراوە، جارى سێیەمیش دواخستنى یەکلاکردنەوەى سکاڵاکەى یەکێتى لەسەر یاساى هەڵبژاردن لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە، واى کرد کە کۆمیسیۆن نەتوانێت هەڵبژاردنەکە لە وادەى دیارکراو ئەنجام بدات.

كۆمیسیۆن دەڵێت، ئەم جارە هەموو ئامادەكارییەكی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە و لە وادەی دیاریكراودا ئەنجامی دەدات. لە ئێستاشدا نووسینگەكانی كۆمیسیۆن لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم سەرقاڵی پرۆسەی تۆماری بایۆمەترین بۆ لەدایكبووانی ساڵی 2006 كە یەكەم جارە مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ نوێكردنەوەی كارتی دەنگدان بۆ ئەو كەسانەی كە پێشتر لە تۆماری بایۆمەتری خۆیان تۆمار نەكردووە.

ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگای باڵای فیدراڵی بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابرد. هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و كورسییەكان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش كراون: سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی.

پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە، بەبێ‌ كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكان و چەندن حیزب و پارتیان خۆیان لە كۆمیسیۆن تۆمار كردووە.

ئەو حیزب و پارتانەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خۆیان تۆمار كردووە بریتین لەمانە:

پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
پارتی سۆسالیست دیموكراتی كوردستان
حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
حیزبی شیوعی كوردستان - عێراق
پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق
یەكگرتووی ئیسلامی لە كوردستان - عێراق
یەكێتی بەیت نەهرەینی نیشتمانی
بزووتنەوەی دیموكراتیی ئاشووری
پارتیی یەكێتیی دیموكراتی كلدانی
پارتی چاكسازیی توركمانی
پارتیی نیشتمانیی ئاشووری
پارتی گەشەپێدانی توركمانی
ئەنجوومەنی نەتەوەی كلدانی
بزووتنەوەی گۆڕان
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان- عێراق

ئەو پارتانەی لە فەرمانگەی پارت و ڕێكخراوەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ناوی خۆیان تۆمار كردووە:

حیزبی ڕزگاریی كورستان
بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتیی كوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامیی نەتەوەیی كورد
بزووتنەوەی دیموكراتی بۆ توركمانی كوردستان
پارتی یەكێتیی توركمانیی عێراق
پارتی ڕزگاریی نەتەوەی توركمان
پارتی برایەتیی توركمان
پارتی پارێزگارانی كوردستان
بزووتنەوەی دیموكراتی توركمانی لە كوردستان
بزووتنەوەی توركمانی سەربەخۆ
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكارانی كوردستان
پارتی گەلی توركمانی عێراقی
پارتی هاوسۆزی توركمانی كوردستانی
بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی كوردستان/عێراق
كۆنگرەی ڕزگاریی كوردستان
حیزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان/عێراق
پارتی سەربەخۆی كوردستان
پارتی بنیادنانی دیموكراتی كوردستان
هاوپەیمانیی نیشتمانی
پارتی ئیرادەی نیشتمانی توركمان