خەزعەلی: ناتوانرێت ڕێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ‌ بكرێت

05-03-2024 11:08

پەرەگراف

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ‏ئەهلی حەق، ڕایدەگەیەنێت "ناتوانرێت ڕێككەوتننامەی ‏شنگال جێبەجێ‌ بكرێت". دەشڵێت "ئەگەر بتوانرایە ‏ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، ئەوا لەو كاتەدا دەكرا كە ‏مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران و نەجم جبووری پارێزگاری ‏نەینەوا بوون، كە پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ پارتی ‏دیموكرات هەبوو".‏

خەزعەلی لە میانی دیداری ڕافیدەیندا وتی "بارودۆخی لە ‏دایكبوون و گەیشتن بە ڕێككەوتنی شەنگال، لە بارودۆخێكی ‏نائارام و نادروستدا بووە لە سەردەمی حكومەتی كازمیدا، ‏زۆربەی ئەو شتانەی لە سەردەمی كازمیدا ڕوویان داوە، ‏جێگەی گفتوگۆیە".‏

خەزعەلی پێی وایە ڕێككەوتنەكە "ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ‏بابەتیی كێشەی شەنگال نەبووە" و دەڵێت "دوای تێپەڕبوونی ‏نزیكەی سێ‌ ساڵ بەسەریدا، وای دەبینین كە بەڵگەكان ‏سەلماندویانە ناتوانرێت جێبەجێ‌ بكرێت".‏

‏"بە بۆچوونی من ڕێككەوتنەكە ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت، ‏لەبەر ئەوەی لەسەر بناغەی بابەتی بنیات نەنراوە، ‏چارەسەری ڕاستی كێشەكانی دانیشتووانی شەنگال بە ‏شێوەیەكی گشتی و یەزیدییەكان بە تایبەتی ناكات"، ‏خەزعەلی وا دەڵێت.‏

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ‏جەخت دەكاتەوە كە "دۆخی شنگال پێویستی بە ‏ڕێككەوتنێكی نوێ‌ یان هەمواركردنەوەی ئەو ڕێككەوتنە ‏هەیە".‏

ڕۆژی 9-10-2020، حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هەرێم، ڕێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانەكەی واژوو كرد. بەپێی ڕێككەوتنەكە، دەبێت یەكینەكانی پاراستنی شنگال بچێتە دەرەوەی قەزاكە و ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی شنگالیش هەڵبوەشێتەوە.

لای خۆیشیەوە لە كاردانەوەیەكی خێرادا، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموكراتی شەنگال (مەخەدەشە)، ڕایگەیاند "هیچ گۆڕانكارییەك كەتێیدا نەبین، قبووڵی ناكەین".

ئەنجوومەنەكە پێی وایە كە ئەم ڕێككەوتنە "بەبێ وەرگرتنی ڕای ئێزدیان و پێكهاتەكان و خەڵكی شەنگال" واژوو كراوە. جەختیش دەكاتەوە"هیچ گفتوگۆ، چارەسەری و پرۆژەیەك بۆ شەنگال بێ ئەوەی ڕای ئێزدیانی تێدا بە بنەما بگیرێت، بێ ئەنجام دەبێت".

"بە كورتی ڕایدەگەیەنین كە هیچ گۆڕانكاریی و گفتوگۆیەك تێیدا نەبین، قبوڵی ناكەین. ئێمەش گفتوگۆ دەكەین و گفتوگۆمان بۆ بەرژەوەندیئەم خەڵكەیە، بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بگەنە ئەنجامی خۆیان، پێویستە وەك لایەنی سەرەكیی بە بنەما بگیرێین و بناسرێین، دەرەوەی ئەمەهیچ گفتوگۆ و دانوستانەك قبوڵ ناكرێت"، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموكراتی شەنگال (مەخەدەشە) وا دەڵێت.

• ڕێككەوتنی شنگال

حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن:

١- تەوەری كارگێڕی:

- دیاریكردنی قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال كە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاك بێت و بە گوێرەی ڕێككارە دەستووری و یاساییەكان پەسندكراو بێت.

- لەلایەن لیژنەیەكی ھاوبەش كە لە ھەردوولاوە پێك دەھێنرێت، دوای دیاریكردنی قایمقام، چاو بە پێگە كارگێڕییەكانی دیكەدا دەخشێنرێتەوە. لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا ڕەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەكان دەكرێت.

٢- تەوەری ئەمنی:

- تەنیا پۆلیسی ناوچەكە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچكەكە لە ئەستۆ دەگرن، ھەموو ڕێكخراوە چەكدارییەكانی دیكە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچكەی شنگال دوور دەخرێنەوە.

- بەھێزكردنی ئاسایشر قەزاكە لە ڕێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و 500 كەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ و لایەنی ئاسایشیی كە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەكرێت بۆ بەشداریپێكردنی ئاوارەی كەمپەكان لە خەڵكی شارۆچكەكە.

- كۆتاییھێنان بە بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شارۆچكەی شنگال و ناوچەكانی دەوروبەریدا. نابێت پەكەكە و ئەوانەی سەر بەون، ھیچ رۆڵێكیان لە ناوچەكەدا ھەبێت.

٣- تەوەری ئاوەدانكردنەوە:

پێكھێنانی لیژنەیەكی ھاوبەش لە حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا. ئاست و وردەكارییەكانی ئەركەكەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە دیاری دەكرێت.

٤. بە مەبەستی چاودێریكردنی ئەوەی لە تەوەری كارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەكی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ھەردوولا پێكدەھێنرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی لە ڕێككەوتنەكەدا ھاتووە.