پەرلەمانتارێک: کشانەوەی هاوپەیمانان پێویستە هاوشان بێت لەگەڵ توانای هێزە عێراقییەکان
پەرەگراف
دانوستانەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانان بەردەوامن لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانیان، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەبێت هاوشان بێت لەگەڵ توانای هێزە عێراقییەکان بۆ پاراستنی وڵات لە مەترسییەکانی تیرۆر.
دیلان غەفور بە پەرەگرافی وت "عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان دەباتە قۆناغێکی نوێ بە ڕێککەوتنی دوقۆڵی لەگەڵیاندا، ئەو پەیوەندییانەش لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتانە دادەڕێژرێنەوە کە لە گفتوگۆکان لەگەڵ هاوپەیمانان ئامادە دەکرێن".
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمان، ئاماژەی بەوەش کرد لیژنەیەکی گشتی لە نێوان عێراق و وڵاتانی هاوپەیمان هەیە لەگەڵ سێ لیژنەی دیکەی سەرەکی و ٩ لیژنەی لاوەکیی کە لەسەرتای مانگی ڕابردووەوە دەستیان بە گفتوگۆ کردووەو ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکن بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردایەتی سیاسی.
"هاوپەیمانان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە ڕزگارکردنی عێراق لە دیکتاتۆریەت و تێکشکاندنی داعش، ئێستاش هێشتا داعش مەترسییەو بوونی ماوە، هەربۆیە دەبێت بە هەڵسەنگاندنی ورد هەنگاو بنرێت بۆ داهاتوو پەیوەندییەکان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان".
ئەوە لەکاتێکدایە لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران لە پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت کردنە دەرەوەی هاوپەیمانان بکەن بە یاسا تا حکومەت ناچار بکەن جێبەجێی بکات، بەڵام کورد و سوننەکان لەگەڵ ئەوەدا نین.
لە دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراقدا ٤ ساڵ لەمەوبەر بەبێ فراكسیۆنە كوردییەكان و سوننە، زۆرینەی شیعە بڕیاریاندا بە دەركردنی هێزە بیانییەكان بە تایبەت ئەمریكا لە تەواوی خاكی وڵاتدا، ئەوەش لە چوارچێوەی لێكەوتەكانی بە ئامانجگرتنی سەركردە سەربازییەكانی ئێران و حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمەریکاوە، بەڵام ئەو بڕیارەی پەرلەمان جێبەجێ نەکرا.