سەرۆکى دادگاى فیدراڵی: فەرمانگەکانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکەن

05-03-2024 12:36

پەرەگراف

سەرۆکى دادگاى فیدراڵی عێراق دەڵێت، ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارەكەی دادگا جێبەجێ نەكات لەبارەی مووچە، فەرمانگە لاوەكییەكان دەتوانن كاری جێبەجێكردن و هەماهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.

جاسم عومەیری سەرۆکى دادگاى فیدراڵی، بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد ببێتەهۆی بێبەشکردنی هاوڵاتییانی هەرێم لە مووچەکانیان، دەشڵێت "فەرمانبەرانى هەرێم کە بڕیاردراوە مووچەکانیان بکرێت بە کارتى ئەلیکترۆنى، پێشتر بە شێوەیەکی رێکوپێک مووچەیان وەرنەگرتووە".

سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەردەچن پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەى پابەندبن.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بۆ مووچەی مانگی شوبات بەپێی لیستی مووچەی وەزارەتی دارایی هەرێم بەغداد پارەی مووچە دەنێرێت و بۆئەوەش چاوەڕیی ناردنی لیستەکەیە، بەڵام بۆ مووچەی مانگی ئادار دەبێت فەرمانبەران هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکەنەوەو مووچە دەخرێتەسەر هەژمارەکانیان.

هەرلەسەر هەمان پرس ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم دوێنێ ڕایگەیاند "هەموو ئامادەسازییەکامیان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کردووە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوومان ناردووەو لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت".

وەزیری دارایی وتیشی "هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە هەبوو کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان".

هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت: ماوەی چەند ڕۆژێکە ئۆرگانەکانی وەزارەت تایبەت بەو کارە بێ پشوو بەردەوامن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان تا بە زووترین کات بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پرسی مووچەو بودجەی هەرێمی کوردستان ٢٠ لاپەڕەیەو بە وتەی شارەزایانی یاساو دارایی بڕیارەکە "ئاڵۆزەو لە هەندێک شوێندا دژیەکیی" تێدایەو قابیلی خوێندنەوەی جیاوازە.

ئەوەی لە بڕیارەکەدا بە ڕوونی هاتووە؛

ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەرنەبن نابێت ئەوە ببێتەهۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکەنەوەو مانگانە مووچەکانیان دەخرێتەسەر هەژمارەکانیان، وەزارەتەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای موچە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم. (هەرێمی کوردستان ئەم خاڵە وک لێدان لە پێگەو سەروەریی وەزارەتی دارایی و هەرێم تەماشا دەکات).

پێدانی بەشە بودجەی هەرێم بەپێی یاسای بوجەی عێراق (ئاماژەی بە پێویستی هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەش کردووە کە ئەوە داوایەکی هەرێمەو حکومەتی عێراقیش ڕازییە)، ناردنی بودجەی هەرێم بە سێ مەرج دەبێت کە لەو یاسایەشدا هاتووەو ئەمانەن:

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕیی عێراقەوە هەناردەی دەرەوە بکات یاخود ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکات.

هەروەها هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ڕادەست بکات.

هاوکاری دیوانی چاودێری دارایی عێراق بێت بۆ وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.