پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٣٣هەمین ساڵیادی ڕاپەڕین دەڵێت: ئەم رێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین.
"دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی گەشی شەهیدەکانمانی لەپێناو رژا، وەکخۆی نەهاتنەدی. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە و ئێمەش هیوامان بۆ خواستبوو" سەرۆکی یەکێتی وادەڵێت.
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "لەماوەی رابردوودا بە پشتیوانیی خوا و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان هەنگاوی کاریگەرمان لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان ناوە و ئەنجامەکەشی لای هەموولایەک روونە، بێگومان هەر کارێکیش کە کردوومانە و دەیکەین لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان دەبێت و هەموو ئامانجێکمان سەرفرازیی خەڵک و پاراستنی خاکی کوردستانە".
ئەو پەیامەی بافڵ تاڵەبانی لەکاتێکدایە ناکۆکییەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر چەند پرسێکی بەردەوامن و هەفتەی ڕابردوو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی باسی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کرد و وتی "نیگەرانم لەو جیاکارییەی لە نێوان هەولێرو سلێمانی هەیەو کێشەکان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ستراتیژین، بەڵام هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن له‌پێناو نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان و دروستكردنی یه‌كڕیزی ناوخۆیی".
ئەمڕۆیش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، لە پەیامێکدا بۆ یادی ڕاپەڕین داوای یەکڕیزیی لە لایەنە کوردییەکان کرد.
سەرۆکی هەرێم دەڵێت "هه‌ر به یه‌کڕیزی ده‌توانین به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر فيدراڵى و ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان بوه‌ستینه‌وه. مێژوو سه‌لماندوويه‌تى كه ناكۆكى و دووبه‌ره‌كى، ئه‌زموونى زۆر تاڵن و زيانى زۆريان له پێگه و ده‌رفه‌ت و ده‌ستكه‌وته‌كان داوه".