مەسعود بارزانی دەڵێت هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان لێدانە لە هاوبەشێتی و پێکەوەژیان

04-03-2024 02:08
کۆبوونەوەی بارزانی و باڵیۆزی ئوسترالیا

پەرەگراف

مەسعود بارزانی دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان "لێدانە لە پرسی هاوبەشێتی و پێکەوەژیان".

ئەو وتانەی سەرۆکی پارتی لە کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ باڵیۆزی ئوسترالیا، بارەگای بارزانی دەڵێت، تاوتوێی پرسی "سەختیی" بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەبێ بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان کرا.

"ئەوەش خرایە روو، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام پێداگیریی لەسەر پێکەوەژیان کردووە، بەوپێیەی یەکێکە لەو بنەما سەرەکییانەی کە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمەکەدا لەسەری بونیات نراوە"، بارەگای بارزانی دەشڵێت "ئەوەش روون کرایەوە کە، پێکهاتەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و، لەبەر توندیی کێبڕکێکان رەنگە بەبێ بوونی کۆتا نەتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان دەست بخەن".

دادگای فیدراڵی ئەو سکاڵایەی بە دڵی یەکێتی یەکلا کردەوە کە ئەو حیزبە لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆماری کردبوو، دادگاکە بڕیاریدا بە؛ هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسییەکانی لە ١١١وە کەمکردەوە بۆ ١٠٠ کورسی، بڕیاریشیدا هەرێمی کوردستان بکرێت بە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن کە لە چوار بازنە کەمتر نەبێت. دوێنێش سەرۆکی هەرێمی کوردستان ١٠-٦ی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکرد.

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ‏ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت ‏نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی ‏بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە ‏پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر ‏بكەن تا دادگای فیدراڵی یەکلای کردەوە.

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەیە و ‏پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ ‏سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی ‏یەكلا دەبنەوە، هەر بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سکاڵاکەی یەکێتی تایبەت بوو بە کورسی پێکهاتەکان و بڕیارەکەی دادگا بە دڵی ئەو حیزبەیەو نیگەرانکەرە بۆ پارتی و حیزب و لایەنەکانی پێکهاتەکانیش.

لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكرابوو بە كۆتا، پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ مەسیحی و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن.

لە کۆتا خولی پەرلەمانی کوردستان(خولی پێنجە) پێنج كورسییەكەی توركمان دوانیان لای فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بوو، هەریەك لە بەرەی تورکمانی و پارتی چاکسازی تورکمان و لیستی میللەت يەكی كورسییەكیان هەبوو.

پێنج كورسییەكەی كۆتای مەسیحیش سێ كورسی لە هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، یەكێكیان لە ئەنجومەنی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەویتر لای لیستی رافیدەین بوو. بەپیی بەدواداچوونێکی پەرەگراف فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان بەبێ هیچ پڕۆژە و پێشنیازە یاسایەک تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانیان بەڕێكرد.