بافڵ تاڵەبانی دەڵێت بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێم تووندبوو بەڵام باش بوو

04-03-2024 01:47

پەرەگراف

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەخت و تووند بوو، بەڵام باش بوو.

"ساڵانی ڕابردوو هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان نادادپه‌روه‌رانە بوون، بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی باشبوون" بافڵ تاڵەبانی له‌ دیداری رافیده‌ین له‌ به‌غداد وای وت.

دادگای فیدراڵی ئەو سکاڵایەی بە دڵی یەکێتی یەکلا کردەوە کە ئەو حیزبە لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆماری کردبوو، دادگاکە بڕیاریدا بە؛ هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسییەکانی لە ١١١وە کەمکردەوە بۆ ١٠٠ کورسی، بڕیاریشیدا هەرێمی کوردستان بکرێت بە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن کە لە چوار بازنە کەمتر نەبێت. دوێنێش سەرۆکی هەرێمی کوردستان ١٠-٦ی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکرد.

لەبارەی دۆسیەی ئەمنیی عێراق و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بە پێچەوانەی خواستی لایەنە شیعەکان، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە پێویستیی مانەوەی ئەمەریکییەکان کردو وتی، چەند لایەنێک دەیانەوێت ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، بەڵام گرنگە بەپێی رێککەوتنی نوێ ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق بمێننەوە.

بافڵ تاڵەبانی بە پێویستی زانی حکومەتی عێراق کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنیی خۆی بکات و بەرگری و ئاسایشی بەهێز بکات.