پێكهاتەكان گردبوونەوەیان ئەنجام دا؛ پێشنیازێكیان لەلایەن سەرۆكی دادگای فیدراڵی ڕەت كراوەتەوە
پەرەگراف
پێكهاتەكان بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە "زوڵم و ناحەقی و نادەستووری" ناو دەبن و ئاشكرایشی دەكەن كە لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو پێشنیازێكیان داوەتە سەرۆكی دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەری كێشەی كورسیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام پێشنیازەكەیان لەبەرچاو نەگیراوە.
ئەمڕۆ لە گردبوونەوەیەكدا لە عەنكاوە، نوێنەری پێكهاتەكانی كلیدان و سریان و توركمان و ئاشووری و ئەرمەن پەیامێكیان ئاراستەی "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كۆمەڵگەی كوردستان و عێراق، سەرۆككۆمار و سەرۆكی دادگای فیدراڵی" كرد.
پێكهاتەكان لە بەیاننامەیەكدا "ئیدانە"ـی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییان كرد و بە "ناڕەوا" وەسفیان كرد.
هەروەها ئاشكرایان كرد كە "لە 27ـی حوزەیرانی 2023 نوێنەرانی توركمان و كریستیان سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی كۆبوونەوتەوە، داوایان لێ كردووە كە كێشەی كورسیی پێكهاتەكان بە سنوورداركردنی دەنگدان چارەسەر بكات، بە جۆرێك كریستیان تەنیا دەنگ بە كریستیان و توركمان تەنیا دەنگ بە توركمان بكات".
"هیوامان دەخواست دادگای فیدراڵی پشتگیریی داواكارییەكەمان بكات، بەڵام تووشی سەرسوڕمان بووین كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كورسییەكان درا. بڕیارەكە دژی دەستوور، پێكەوەژیان و مافەكانی مرۆڤە"، پێكهاتەكان وا دەڵێن.