دەرگای خۆتۆمارکردن بە ڕووی هاوپەیمانییە سیاسییەکاندا دەکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

03-03-2024 05:30

پەرەگراف

ڕاستەوخۆ دوای دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە، هەر ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەرگای خۆتۆمارکردن بە ڕووی هاوپەیمانێتییە سیاسییەکاندا بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ دەکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

کۆمسیۆن ڕایگەیاند، لە رۆژی 5 تاوەکو ١٤ی ئەم مانگە هاوپەیمانییەکان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن لە بەغداد یاخود نوسینگەکانی کۆمسیۆن لە هەرێم، ماوەی خۆتۆمارکردنیش قابیلی درێژکردنەوە نییە.

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، ڕۆژی 10-6-2024ی دیارکرد بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، به‌پێى فەرمانی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن،‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکەو‌ له‌ ڕۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دوای ئەوەدێت دادگای فیدراڵی ئەو سکاڵایەی یەکلا کردەوە کە یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆماری کردبوو، دادگاکە بەدڵی یەکێتی بڕیاریدا بە؛ هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسییەکانی لە ١١١وە کەمکردەوە بۆ ١٠٠ کورسی، بڕیاریشیدا هەرێمی کوردستان بکرێت بە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن کە لە چوار بازنە کەمتر نەبێت.

دیاریکردنی ١٠-٦ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتێکدایە تەمەنی یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ٧-٧-٢٠٢٤ کۆتایی دێت و دەبێت بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی کوردستانی ئەنجامدابێت و ئەنجامی کۆتایی ڕاگەیاندبێت.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوە، دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت و سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا.

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.