پەرەگراف
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کورستان(ئەپیکور)، ڕەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کرابێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کەرکوک.
ئەپیکور کە لەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانە پێکدێت کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کاردەکەن و نەوت بەرهەم دەهێنن، لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە هەر جۆرە رێککەوتنێک دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام دەڵێت "بەداخەوە تا ئێستا هیچ پێشنیازێک بۆ رێککەوتن لەلایەن هەردوو حکومەتەوە نەدراوەتە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت."
ئەپیکور ئەوە دەخاتەڕوو، لە 7 تاوەکو 9ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، کۆبوونەوە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان هەبووە، بەڵام پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا بەدی نەهاتووەو پێشنیازی نوێش نەدراوەتە کۆمپانیاکان.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەشڵێت "بەم دواییانە چەندین بەیاننامەی بێ بنەمای عێراقییەکان لە میدیاکانەوە بڵاوبوونەوە، کە گوایە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیا، ئێمە لە نیازی ئەو لێدوان و راگەیەندراوانە تێناگەین کە زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە، بەڵام دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە داخستنی بۆرییەکە مانگانە 1 ملیار دۆلار زیان لە عێراق دەدات."
ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەپیکور لە کاتێکدایە، دوێنێ وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، تورکیاو هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕێککەوتنیش لە نێوان هەولێرو بەغداد هەیە لەسەر ئەو پرسە، بۆ جێبەجێکردنیشی کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کراوە.
فوئاد حسێن بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی وتی "لەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ لایەنی تورکیا ئەنجامماندا ئاماژەمان بەوە کرد کە هێڵی بۆریەکە ئامادەیە، تورکیاش ئامادەیی نیشاندا بۆ کردنەوەی هێڵی بۆریەکە".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەناردەکردنەوەی نەوتە و ڕێککەوتنێک لەسەر ئەو پرسە لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە، بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەغدا لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێم کار دەکەن کۆبووەتەوە. بەڵام زانیاریی لەبارەی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا نەکرد.
ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژی 24-2-2024، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە پانێڵێكدا لە شەشەمین دیداری نێودەوڵەتیی بەغداد، لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دوا و مامەڵەی "تاكلایەنە"ـی توركیا لە گواستنەوە و هەناردەكردنی نەوتى هەرێمى بە هۆكاری ڕاگرتنی هەناردەى نەوتەکە ناو برد.
وەزیری نەوتی عێراق جارێكی دیكە هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی بۆ ئەو گرێبەستانە گەڕاندەوە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان كردوویەتی و وتی "سروشتی گرێبەستەكان جیاوازە لەگەڵ سروشتی ئەو گرێبەستانەی كە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت هەیەتى".
حەیان عەبدولغەنی لەگەڵ ئەوەشدا گەشبینیی نیشان دا كە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لە "دانوستانی ئەرێنی"دان بۆ "هەموارکردنەوە و نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان و گونجاندنیان لەگەڵ دەستووری عێراق".
"پێم وایە كۆمپانیاكان خۆیان لەگەڵ گرێبەستە نوێیەكان دەگونجێنن، چونكە ئامانجی ئەوانیش بەردەوامبوونە لە بەرهەمهێنانی نەوت"، وەزیری نەوتی عێراق وای وت.
وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتى سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەردوولا کۆکن لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کردوویەتی، بەڵام لە وردەکارییەکاندا ناکۆکن و نەگەیشتوونەتە چارەسەر.
حکومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرێبەستە نەوتییەکان یاسایین و مافی هەرێمی کوردستانە و دەست لەو مافانە هەڵناگرن، بەڵام ئامادەن بۆ هەموارکردنەوەشیان بە مەرجێک بە شێوەیەک بێت کۆمپانیا نەوتییەکان ڕازیی بکات.
سەرەکیترین گرفت پارەی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانە، شایستەی دارایی کۆمپانیاکان یەک ملیار دۆلارەو لای حکومەتی هەرێمە، بەغداد ئامادە نییە ئەو قەرزە بۆ هەرێم بداتەوە، کۆمپانیاکانیش دەڵێن، بەبێ دڵنیایی و گرەنتی پێدانەوەی ئەو قەرزە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم دەستپێناکەنەوە.
حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی جۆری خزمەتگوزاری كە وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.
بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان هەیانە، بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و کەرکوک لە 25-3-2023 ڕاگیرا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، ئەوەش زیانی دەوروبەری ١٠ ملیار دۆلاری بە عیراق گەیاندووە کە پشکی شێری زیانەکە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە.